سەردێر

تەندروستی سلێمانی دوابڕیاری لەسەر كەرەنتینە ڕاگەیاند

سلێمانی ـ نزار جەزا
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە لە ئێستادا 14 نەخۆشی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكاندا هەن و دەشڵێت: “پێموانیە كەرەنتینە ڕابگەیەنرێت”.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی تەندروستی تا ڕادەیەك جێگیرە و لە ئێستادا تەنها 14 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا ماون و 2 كەسیان لە چاودێری وردن و ئەوانی دیكە دۆخیان جێگیرە.

ڕاشیگەیاند، ڕێژەی مردن بە كۆرۆنا زۆر كەم بۆتەوە و بە چەند ڕۆژێك حاڵەتێك یان دوو حاڵەتی مردن تۆمار دەكرێت و ئەوانیش زیاتر لەوانەن، كە نەخۆشی دیكەیان هەیە.

ئاشكراشی كرد، ئامێری پشكنینی جۆری نوێی كۆرۆنا هەیە، تەنها (كیت)ەكەی نیە و بڕیارە لەم چەند ڕۆژەدا كیت-ی پشكنین بگاتە نەخۆشخانەكان.

د. سەباح وتیشی، “پێموانییە جارێكی دیكە كەرەنتینە لە سلێمانی ڕابگەیەنرێت، بەڵام دەكرێت ڕێكاری دیكە بگیرێتەبەر، وەك كەمكردنەوەی دەوام و بەتایبەتیش ئەگەر لەناو خوێندنگەكان تەشەنەی سەند دەكرێت ڕێكاری نوێ‌ بگیرێتەبەر”.

جەختیشی كردەوە، من پێم وایە جارێكی دیكە شەپۆلی بەهێزی كۆرۆنا بۆ شارەكە ناگەرێتەوە، ڕەشبین نیم و وەک ساڵی پار تووشی کارەسات نابین، چونکە پێشتر ئەزموونمان وەرگرتووە و پێویست بەترس و دڵەڕاوکێ ناکات، هاوکات نیوەی خەڵکی سلێمانی وەک ئەوەیە ڤاکسینی وەرگرتبێ، چونکە تووشبووە و چاکبۆتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە، لەچەند ڕۆژی ئایندەدا ڤاکسینەکە دەگاتە عیراق و دابەشی پارێزگاکان دەکرێت.