سەردێر

وەزیرێكی پێشووی یەكێتی: پێویستە سەرەتا داهاتی سلێمانی ئاشكرابكرێت

سلێمانی ـ نزار جەزا
وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای هەرێم و ڕاوێژكاری جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پێشئەوەی لامەركەزی پەیڕەوبكرێت، داهاتی سلێمانی ڕوونبكرێتەوە، كە ئایا دەتوانێت خۆی بژیەنێت.

یوسف گۆران، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەوتەیەكیدا لە پانێڵی یەكەمی (دیداری سلێمانی بۆ لامەركەزی) ڕایگەیاند، پێشتر لەناو زانكۆكاندا لامەركەزیەتیان پەیڕەوكرد و ناویان نا سەربەخۆیی زانكۆكان، ئەمەش گرنگی خۆی هەبوو.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەر پارێزگایەك نەتوانێت خۆی بژیەنێت، ناتوانێت لەڕووی ئیداریشەوە لامەركەزیەت پەیڕەوبكەن، بۆنمونە لەزانكۆكاندا سەرەتا جۆرێك لە داهاتیان بۆ دابینكردن، پاشان لەڕووی ئیدارییەوە سەربەخۆیان كردن.

باسی لەئەوەشكرد، سەرەتا پێویستە سلێمانی لەڕووی داهاتەوە ڕوونبكرێتەوە، بزانرێت ئایا سلێمانی دەتوانێت داهاتی خۆی دابین بكات، پاشان دەتوانرێت بزانرێت ئایا لەكاتی جێبەجێكردنی لامەركەزیەتدا سەركەوتوو دەبێت یان نا.

ئەمڕۆ شەممە دیداری سلێمانی بۆ لامەركەزی لەلایەن دوو زانكۆی سلێمانییەوە بەڕێوەچوو، كە پێیانوایە كاری ئەكادیمییەكانە گرنگی لامەركەزیەت ڕوونبكەنەوە.

زانكۆی سلێمانی و زانكۆی پۆلیتەكنیكی بەهاوكاری ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دیداری سلێمانی بۆ لامەركەزی ئەنجام دەدەن.

ماوەیەكی درێژە بەشێوەی فەرمی و نافەرمی لەسەر ئاستی باڵادا قسە لەسەر لامەركەزیەت دەكرێت، بەڵام هێشتا هەنگاوی كرداری بۆ نەنراوە و تەنها قسەی لەسەر دەكرێت.