سەردێر

مەسرور بارزانی: هەموو لایەك ڕێز لە سیستمی دادوەری بگرن

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت:”داوا لە هەموو لایەك دەكەم كە ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن”.


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی:”داوا لە هەموو لایەك دەكەم ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی ئەنجام بدات”.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ هەینی، 19/2/2021، جریوەكەی بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی كردووە كە ئاماژەیە بۆ كەیسی سزادراوانی بادینان.

ئەمەش لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ هەینی، نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە پەیامێكدا ڕایدەگەیێنن، بە وردی چاودێریی دەستگیركردن و دادگاییكردنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەوانان و چالاكوانانیان كردووە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەبارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین، بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیدابووە.

جێی ئاماژەیە، دادگای هەولێر ڕۆژی سێشەممە 2021/02/16 پێنج ڕاگیراوی پارێزگای دهۆكی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا. ئەو ڕاگیراوانەش بریتیبوون لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژكی، ئەیاس كەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەمەدئەمین.

خەڵك – بەشی هەواڵ