سەردێر

لەكۆنگرەدا هیچ كاندیدێكی بەهێز بۆ شوێنی عەلی باپیر نەبوو

خەڵك – ئارام سەردار

وتەبێژی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ ڕایدەگەیەنێت ، تائێستا لەنێو كۆمەڵی ئیسڵامی كاندیدێكی بەهێز بۆ شوێنی مامۆستا عەلی باپیر نیە.

پەیوەند عومەر، وتەبێژی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تائێستا لەنێو كۆمەڵی ئیسڵامی كاندیدێكی بەهێز بۆ شوێنی مامۆستا عەلی باپیر نیە، چونكە مامۆستا كەسێك و كاریزمایەكی بەهێزە، چەند ڕۆژێكیش خرابووە بەردەم ئەندامانی كۆنگرە گەر كەسێك هەبێت مەرجە یاساییەكانی تیدابێت خۆی كاندید بكات كەس نەبوو، دوێنێش لەیەكەم ڕۆژ دادوەران داوایان كرد گەر كەسێك هەبێت یەك كەس دەستی هەڵبڕی بەڵام مەرجەكانی تێدا نەبوو.

وتیشی ،” ئەو كەسەی دەبێتە ئەمیری كۆمەڵ پێویستە تەمەنی ٤٠ ساڵ بێت و خولێك ئەنجوومەنی سیاسی بێت ، بۆیە ئەو كەسە نەیتوانی خۆی كاندید بكات”.

ڕاشیگەیاند، دوای زیادكردنی ڕێژەی ژنان لە ١٥٪ بۆ ٢٠٪ ئەندامانی سەركردایەتی بوو بە ٢٢ كەس، كە ٦٨ كەس كێبڕكێ لەسەر ئەو ٢٢ پۆستەی سەركردایەتی دەكەن، لە درێژەی كارەكانی رۆژی یەكەمی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی بەڕێوەچوو تاوەكو بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە.