سەردێر

سەرۆكی جەهەپە: ئۆپراسیۆنەكەی گارە هەڵە و شكستێكی گەورەی مێژوویی بوو

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) ڕایدەگەیەنێت: ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەی سوپای توركیای لەچیای گارە هەڵە و شكستێكی گەورەی مێژوویی بوو.


كەمال كلیچدار ئۆغڵۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەی سوپای توركیای لەچیای گارە بەهەڵە و شكستێكی گەورەی مێژووی لەقەڵەمدا و ڕەخنەی توندی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا گرت.

وتيشی: “ئەردۆغان پێش ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكە گاڵتەی بەهەستی گەلی توركیا كرد و ڕایگەیاند: هەواڵێكی گرنگ بەڕێوەیە، بەڵام هەواڵە گرنگەكە ئەوەبوو كە تەرمی سەرباز و براكانمانی لەنێو تابوتدا بۆ هێناینەوە”.

سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەرپرسیاریەتی كوژرانی تەواوی زیندانی و سەربازە توركەكانی خستە ئەستۆی سەرۆك كۆماری توركیا و ئاماژەی بەوەكرد: ناكرێت سەرۆكی وڵات بەر لەئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی نهێنی زانیاری ئاشكرا بكات.

خەڵك – بەشی هەواڵ