سەردێر

قوباد تاڵەبانی لەبەغدا بەشداریی لەدیداری كاری فەرەنسی _ عێراقیدا دەكات

خەڵك-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا بەشێوەی ئۆنلاین بەشداریكرد لە دیداری ئەنجومەنی كاری فەڕەنسی _ عێراقی و لە دیدارەكەدا ڕایگەیاند”هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمیش زەمینەیەكی لەبارتر بۆ كۆمپانیا بیانییەكان دەرەخسێنن بۆ كاركردن.

لە سمینارەكەدا كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بە بەشداریی هەر یەك لە ئارنۆد برولاك سەرۆكی ئەنجومەنی كاری فەڕەنسی _ عێراقی، سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە فەڕەنسا و عەلی دۆڵەمەڕی و كۆنسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر، بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دایە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە فەڕەنسییەكان كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە و حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ڕووداوی هاوشێوەی هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی سەر هەولێر دووبارە ببێتەوە.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێم دا و ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی چاكسازی گیراونەتەبەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی چاكسازیدا كۆمەڵێك چاكسازی لە یاسا كۆنەكانیدا دەكرێت، ئەمانەش هەموو هاندەر و یارمەتیدەرێكی بەهێز دەبن بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەر و كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی سمینارەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە ستراتیژی حكومەت بۆ جۆراوجۆركردنی ئابوری هەرێم كرد، لەم چوارچێوەیەشدا بە گرنگییەوە ئاماژەی بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی كرد، كە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەڕەنسی دەتوانن بە هاوكاری حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ناوخۆییەكان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانیان.

لە درێژەی باسەكەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەكانی دانووستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدای كرد و ڕایگەیاند بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ توانای زیاتریان هەبێت بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەری بیانی پێویستیان بە ئارامی و سەقامگیری سیاسی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا یارمەتیدەرێكی بە‌هێز دەبن بۆ دابینكردنی ئارامی و بەرقەراركردنی سەقامگیری لە هەموو عێراقدا.