سەردێر

بەغدا، هەڕەشە لەسەر باڵیۆزخانەی توركیا دروست دەبێت

خەڵك-
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی هێزە تایبەتەكان دەكات لە دەوروبەری بارەگای كونسوڵخانەی توركیا لە ناوچەی سەوزی ناوجەرگەی بەغدا و دەوترێت ترسی ئەوە هەیە هێرش بكرێت سەر كونسوڵخانەكە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی ئەنقەرە لە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاند”هێزێك لە فیرقەی تایبەت لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە لەبەردەم كونسوڵخانەی توركیا لە ناوچەی سەوزی نێوجەرگەی بەغدای پایتەخت بڵاوەی پێكراوە”.

بە وتەی سەرچاوەكە”بڵاوبوونەوەی هێزە تایبتەكە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێكی نەخوازراوە كە پەیوەندی بە كاردانەوەی ناڕەزایی سیاسییەوە هەیە بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەم دواییەی توركیا لە هەرێمی كوردستان”.

پێشتر بزوتنەوەی ئەهلی هەق كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، داوای لە هەموو ئەو عیراقیانە كردبوو كە توانای شەڕكردن و ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە، دژ بە سوپای توركیا بوەستەوە لەبەرانبەر پێشێلكارییە یەك لەدوا یەكەكانی بۆ سەروەریی خاكی عیراق.