سەردێر

تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون دەكەن

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 3896 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1691 كەسیش چاكبوونەتەوە، 16 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا، ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئاماژە بۆ هەڵكشانی ئاستی تووشبوون و مردن بە پەتاكە.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 53 هەزار و 21 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 3896 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو بە بەرزترین ئاستی تووشبوون دادەنرێت و بە شێوەیەكی ناچاوەڕوانكراو بەرزبۆتەوە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا و بەسرە و زیقار بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1286 و لە نەجەف 520 و لە كەربەلا 302 و لە زیقار 351 لە بەسرە 338 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 22، هەولێر 43، و دهۆك 52 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 3896 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 16 كەس بەهۆی پەتاكە.