سەردێر

شکستەکەی گارە فشارەکانی سەر ئەردۆغان زیاتر دەکەن

خەڵک

 

بەهۆی شکستی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا لە چیای گارە، کە بووە هۆی کوشتنی 13 سەرباز، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشە لە پەکەکە و گولەنییەکان دەکات.

 

لە ئێستادا ئەردۆغان، زیاتر لەهەر کاتێک فشاری لەسەرە بە هۆی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی بەتایبەت دوای ئەوەی ئابووری وڵاتەکەی و ئاستی بژێوی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ڕووی لەدابەزینە بەهۆی بێبەهابوونی دراوەکەی، شکستە یەک لەدوای یەکەکانیشی لەمیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هێندەی تر فشاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی و هاووڵاتیانی لەسەر زیادکردووە.

 

لە کاردانەوەی شکستی ئۆپەراسیۆنی سەر چیای گارە دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان، لەمیانی کۆبوونەوەی پارتەکەی لە ئەنقەرە و ئوردو شانلی و ئورفە ئەردۆغان هەڕەشەی لە پەکەکە و فەتحوڵڵا گولەن و لایەنگرانی  کرد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە حکومەتەکەی وڵات بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چۆڵ ناکات  .

 

هەڕەشەکانی ئەردۆغان، دوای تۆمەتی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کوشتنی ئەو 13 زیندانییە تورکە دێت کە ئەنقەرە دەڵێت لەلایەن پەکەکەوە کوژراون، بەڵام ناوەندە میدیاییە دیارەکان ئاماژە بەوە دەدەن لەمیانی بۆردومانی راستەوخۆی سوپای تورکیا ئەو دەستگیرکراوە تورکانەی لای پەکەکە کوژراون.

 

هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی تۆمەتەکانی کەمال کلیچدار ئۆغلو سەرۆکی CHP هات، کە وتبووی چاوەڕوانییمان بۆ ڕاگەیاندنی هەواڵە خۆشەکەی ئەردۆغان وەک خۆی ڕایگەیاندبوو، کوشتنی 13 سەربازی تورک بوو، کە راستەوخۆ ئەردۆغان لەم کارەساتە بەرپرسیارە.

ئەردۆغان لە وەڵامدا بۆ کلیچدار ئۆغلو دەڵێت؛ “بەبێ شەرم، من بە شەخسی بەرپرسیارێتی کوژرانی هاووڵاتیانی خۆمان لە ئەستۆ دەگرم “.

 

لە ئێستادا سەرۆکی تورکیا کە بەدوای پاساوی شکستهێنانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەدا دەگەڕێت و بەدوای نکۆڵیکردن لە بەرپرسیارێتی کوشتنی ئەو 13 تورکەوە یە، پرسیاری ئەوە دەکات کە ئایا کلیچدار ئۆغلو هەرگیز گوێی لە هاوار و ناڵەی دایکانی ئامەد گرتووە.

 

ڕۆژنامەی ” ئەحوال” ی تورکییش بڵاوی کردووەتەوە کە ئەردۆغان خۆی لە بنبەستێکی سیاسی و ئەخلاقیدا دەبینێتەوە چونکە ئەو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە و ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە هەر شکستێکی سەربازی و ستایشیش دەکرێت کاتێک ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان سەردەکەوێت .

 

رۆژنامەکە ئەوەشی نوسیوە، لە هەوڵێکدا بۆ بازدان بەسەر ئەو ڕاستیانەدا، سەرۆکی تورکیا لە لێدوان و وەڵامەکانیدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی و سەرنج ڕاکێشانی ڕای گشتی تورکیا سەبارەت بە شکستی ئۆپەراسیۆنەکەی و تۆمەتی کوژرانی 13 دەستگیرکراوی تورک، هیچ بەدیلێکی نەبوو.