خەڵك-
قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت لەپێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و رێكارەكانی خۆپارێزی بن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی بەئامادەبونی دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تانجەرۆ لەگەڵ لیژنەی باڵا و لیژنەكانی سەلامەتی و ئارایشتاكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، كۆبوەوە.
لەكۆبونوەكەدا، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و رێكارەكانی خۆپارێزی بن و كارمەندانی سەرجەم شوێنەكان دەماك ببەستن، هەروەها رۆژانە مادەكانی پاكژكردنەوە لەشوێنەكانیان بەكاربهێنن.
وتیشی: “كاری سەرەكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، پاراستنی تەندروستی گشتییە هەر بۆیە بەشێكی زۆری پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنییانەی رۆژانە لیژنەكان ئەنجامی دەدەن لەڕوی تەندروستییەوەیە”.
ئاوات محەمەد، لیژنەكانی راسپارد، لەكاتی سەردانەكانتان بۆ شوێنەكان لێپرسینەوە لەو شوێنانە بكەن كە پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی نابن، راشیگەیاند:”سەرپێچیكاران روبەڕوی رێكاری یاسایی بكەنەوە”.