سەردێر

” با نزیكەی 300 فیدەری كارەبای خستووە”

خەڵك-
دوای ئەوەی خێرایی با بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردو زیانی بە ژینگەو كارەباو چەند بوارێكی تر گەیاند وتەبێژی كارەبای هەرێم دەڵێت خێرایی با بەشێكی زۆری فیدەرەكان كە زیاتر لە 275 فیدەری 11 و دەیان فیدەری 33 و زیاتر لە 10 هێڵی دیكەی خستووە.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕگەیاند، خێرایی با زیانێكی زۆری بە كەرتی كارەبا گەیاندووە كە زۆر بەهێزترە لە تۆڕی كارەبا كە زیانی بە عەموود و محاویلەی گەڕەكەكان گەیاندووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی زۆری فیدەرەكان كە زیاتر لە 275 فیدەری 11 و دەیان فیدەری 33 زیاتر لە 10 هێڵی دیكە كەوتبوون، هەموو سیانەكان لەسەرخەتن و سەرجەم كارمەندانی كارەبا ماندوونەناسانە لە هەوڵدان بۆ چاككردنەوەیان.
وتیشی، تا ئێستا نازانین زیانەكان چەندن كە لە كارەبا كەوتوون و سەرقاڵی كۆكردنەوەی داتاو زانیارییەكانین و زیاتر سنووری سلێمانی بووەو لە دووكانەوە هەتا ناوچەی گەرمیانیشی گرتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمەكانی كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم نەیانهێشت كوژانەوەی گشتی ڕووبدات، چونكە ئەگەر كوژانەوەی گشتی ڕوویبدایە دەبووە هۆی پچڕانی كارەبا لەسەرتاسەری هەرێم و زیانەكان زۆر گەورەتر دەبوون.

وتیشی، كارەبا لەخەڵك بڕواوە و تا ئێستاش لەهەندێك شوێن نەگەڕاوەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بە هەوڵی كارمەندانی چاكسازییەكان سەرقاڵی كارن و پێشبینی دەكەین ئەمڕۆو سبەینێ‌ بەشێكی زۆری چارەسەربكرێت و ئەو كاتەی سەرجەم داتاو زانیارییەكانمان كۆ كردەوە زیانە گشتییەكان بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەخەینەڕوو.