سەردێر

یەكێتی داوای یەكڕیزی دەكات

خەڵك-ئارام سەردار

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی ڕایدەگەیەنێت، دەبێ قوربانی بدەین بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، ئەگەر ئەوە نەكەین ناتوانین بەرامبەر دوژمنانی كورد هیچ هەڵوێستێك وەربگرین، یەكێتی دەرگای گفتوگۆ و كۆبوونەوەی لەگەڵ هیچ لایەنێك دانەخستووە.

ڕێبوار ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەهەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكێك لەهۆكارەكانی سەركەوتنی كورد یەكڕیزی نێوماڵی كوردە، بۆیە وەكو یەكێتی بەلامانەوە زۆر گرنگە یەكڕیزی نێوماڵی كورد یەك بخەین و لەدوای كۆنگرەی چوار هەوڵ و تێكۆشانمان بۆ ئەوەبووە و سەردانی هەموو حزبەكانیشمان كردووە.

دەشڵێت، دەبێ قوربانی بدەین بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، ئەگەر ئەوە نەكەین ناتوانین بەرامبەر دوژمنانی كورد هیچ هەڵوێستێك وەربگرین، وەكو یەكێتیش ئامادەین بۆ گفتووگو لەسەر هەموو پرسێك تاوەكو هەموو تواناكان كۆبكەینەوە بەرامبەر نەیارانمان و بەغداد و وڵاتانی دراوسێ‌ توانامان هەبێت و كیانەكەمان بپارێزین، سەركەوتنی زیاتر بەدەست بێنین.

ئەوەشی خستەڕوو، كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ هیچ لایەنێك داخراو نییە بۆ ئەوەی یەك هەڵوێستی یەك گوتاری دروست بكەین.