خەڵك-
بەپێی پێشبینی شارەزایانی كەشناسی، لەمشەوەوە شەپۆلێكی دیكەی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و سبەینێ چەند ناوچەیەك بەفری لێ دەبارێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ پێنج شەممە شەپۆلێکی دیکەی مامناوەندی بارانبارین و بەفر بارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە بە کاریگەری بارستە ھەوایەکی سارد، کە چالاکیەکی مامناوەندی ناوبەناوی با-ی لەگەڵ ئەبێت لە ئاڕاستەی باشوور و ڕۆژئاواوە بە خێرایی ٢٠-٣٥ کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.
ڕاشیگەیاندووە، سەرەتا شەپۆلەكە سنووری دھۆک و ھەولێر و ڕاپەرین دەگرێتەوە بە شێوەی بارانبارینی پچڕ پچڕ و ھەورەتریشقە لە ناوچە نزمەکاندا و و بارینی بەفر لەناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری بەشێک لە قەزا و ناحیەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەبارەت بەناوچەکانی سنووری (سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک) پێشبینی دەکرێت لەکاتەکانی دوای نیوەِرۆ بۆ نزیک ئێوارە بە کاریگەریەکی لاواز بۆ مامناوەند شەپۆلەکە دەستپێبكات بە شێوەی بارانبارینی ناوبەناو و ھەندێک ناوچەش ھەورەتریشقەی لەگەڵ ئەبێت، بەڵام لەکاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری بارستە ھەوای سارد زیاتر ئەبێت.
بە وتەی ئەو شارەزا كەشناسییە، “پێشبینی بەفر بارین دەکرێت لەسەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەدا و سەنتەری زۆرێک لە قەزا و ناحیەکانی ناوچەکە و ئەگەری ئەوە ھەیە بەرزاییەکانی شاری سلێمانی بگرێتەوە”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەكاتەكانی شەودا كاریگەری ئەو شەپۆلە كەم دەبێتەوە.