سەردێر

ئیدارەكەی بایدن، چاو بە بڕیارەكانی سەرۆكی پێشوودا دەخشێنێتەوە

خەڵك-
ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی، دەستەواژەكانی هاوبەشی ستراتیژی ئاشكرا دەكات كە دەیەوێت لە عیراقدا كۆیانبكاتەوە، جەختیش لەسەر سەقامگیریی و دیموكراتی و كۆنترۆڵكردنی میلیشیاكان و ڕێگرتن لە گەڕانەوەی ڕێكخراوی داعش دەكاتەوە، وەك دەستپێكی كارەكانی لە عیراق.

بەپێی تۆڕی Voice of America ی ئەمریكایی، ئیدارەكەی سەرۆك بایدن پێشتر ڕایگەیاندووە، چاو بە بڕیارەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوودا دەخشێنێتەوە، سەبارەت بە پاشەكشەپێكردنی گەورەترین ژمارەی هێزەكان لە عیراق.

Voice of Americaلە زاری ریچارد میڵز، جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەیەكدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عیراقەوە كە لە 16ی شوباتی 2021 سازكرا، بڵاویكردەوە”ویلایەتە یەكگرتووەكان وەك هاوبەشێكی جێگیر و باوەڕپێكراو بۆ عیراق و گەلی عیراق دەمێنێتەوە، وڵاتەكەشی لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ یارمەتیدانی عیراق لەپێناو سەپاندنی سەروەریی بەڕووی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەكی، لەڕێی ڕێگرتن لە گەڕانەوەی داعش و كاركردن لەپێناو عیراقێكی زیاتر سەقامگیر”.

بە وتەی میڵز”ئیدارەی نوێ‌ پشتیوانی لە هەوڵەكانی چاكسازیی ئابوری و بنبڕكردنی تیرۆر دەكات لە عیراق، و بەردەوامیش دەبێت لەسەر پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی، واشنتن پشتیوانی لە هەوڵەكانی لغاوكردنی میلیشیاكان و ڕێگرتن لە چالاكییەكانی ئێران بۆ لەقكردنی سەقامگیریی دەكات، لەگەڵ فەراهەمكردنی ڕاوێژ و پشتیوانی بۆ هێزەكانی بنبڕكردنی تیرۆری سەر بە حكومەتی عیراق”.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەش، میڵز وتی”سەقامگیریی پێویستی بە هەڵبژاردنێكی نیشتمانی سەنگین هەیە كە وابڕیارە لە ششرینی یەكەمی داهاتوو سازبكرێت”.
جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندووە”ئەمریكا پشتیوانی لە چاودێری نێودەوڵەتی دەكات بۆ هەڵبژاردنی عیراق، لەپێناو زامنكردنی ئازادی و بێخەوشی و سەنگینی هەڵبژاردنەكە، بۆیە ئەمریكا خواستی لە هەماهەنگییە لەگەڵ عیراق، و ئەنجومەنی یاسایش، و وڵاتانی ئەندام، و نەتەوە یەكگرتووەكان، لەپێناو دیاریكردنی باشترین شێواز كە پێویستە ببنە سیمای ئەو هەوڵانە”.

تۆڕە ئەمریكاییەكە دەڵێت، ویلایەتە یەكگرتووەكان، 9.7 ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە لە عیراق (یۆنامی) لەپێناو ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن.

میڵز داوای لە دەسەڵاتدارانی عیراق كرد، پلاندابنێن بۆ پتەوكردنی ڕێكارە ئەمنییەكانی هەڵبژاردن و لەو بارەیەوە وتی”دەركەوتنی میلیشیا چەكدارەكان، و توندڕەوە ئسوڵییەكان، و تێكدەران مەترسیدارترین ئاستەنگن لەبەردەم فەراهەمكردنی ژینگەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن”.

تۆڕی Voice of Americaی ئەمریكایی لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت”جۆ بایدن لەو دەمەی بەرپرسیارێتی سەرۆكایەتی گرتۆتەدەست، یەك جاریش باسی عیراقی نەكردووە، تەنانەت لەو كاتەشدا كە قسەی لەسەر گەڕانەوەی ئەمریكا كردووە بۆ سەر شانۆی جیهانی، بەڵام ئەم پشتگوێخستنە دەركەوتووترین جەنگە بێ‌ كۆتاكانی واشنتنە كە ناكرێت بەردەوامبن و ئەمەش هۆكارەكانیین”.

تۆڕە ئەمریكاییەكە پێیوایە”بایدن قورسایی ئیدارەكەی لە پشت ئامانجێكی ڕاگەیەندراوەوە كۆكردۆتەوە كە كۆتایی هێنانە بە جەنگی 6 ساڵەی یەمەن، و دەركردنی بڕیاریی ڕاگرتنی پشتیوانی ئەمریكایی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، و هەڵوەشاندنەوزەی پۆلێنكردنی حوسییەكان وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، ئەمەش لەلایەن حوسییەكانەوە بە چڕكردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەكان لەنێوخۆی یەمەن و دەرەوەدا بە تایبەتیش لە سعودیە، وەڵامدرایەوە”.

بایدن بەردەوام باسی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و پێویستی پابەندبوونی تارانی كردووە لەپێناو گەڕانەوە بۆ رێكەوتنەكە، ئەمەش بەپێی رێكەوتنی واژۆكراوی 2015، بەر لەوەی سزاكانی ئەمریكا كە لەلایەن دۆنالًَد ترەمپ سەرۆكی پێشووەوە سەپێنرابوون هەڵبگرێت، لە دوای پاشەكشەكردن لە رێكەوتنەكە لە ساڵی 2018، تائێستاش گەمەی “پەنجە گەستن” لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ماوە، بەو پێیەی هەردوولا خواستییان لە زیندووكردنەوەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەیە، بەڵام لەئێستادا كێ‌ لەپێشدا ملكەچ دەبێت، ئەمە كرۆكی ململانێیەكەیە.

هەرچەندە عیراق یەكێكە لە دەركەوتووترین خاڵەكانی ململانێ‌ كراوەكەی نێوان تاران و واشنتن لە ساڵی 2003وە، ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا سەرۆكی ئەمریكا بۆ تەنیا جارێكیش لە وتارەكانیدا باسی عیراقی نەكردووە، سەبارەت بە سیاسەتەكانی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمەش لەنێوخۆ و دەرەوەدا رووبەڕووی رەخنەی كردۆتەوە و بۆتە مایەی ئەوەی، پشتگوێخستنەكە لێكدانەوە و شرۆڤەی جیاجیای بۆبكرێت.