سەردێر

پزیشكێكی كورد ڕێنمایی دەربارەی كۆرۆنا نوێیەكە بەهاووڵاتیان دەدات

سلێمانی – نزار جەزا
پزیشكێك ڕایدەگەیەنێت، پێویستە بۆ خۆپارێزی لەكۆڤید 20 ئەزموون لەڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 وەربگیرێت و لەئێستاوە پێشئەوەی كۆڤید 20 لەهەرێمی كوردستان تەشەنبكات، بەپلانێكی تۆكمە و زانستی و گونجاو ڕووبەڕووی ببنەوە.

هەژار محەمەد، پزیشكی پایەبڵندی نەخۆشییەكانی سنگ و بۆری هەوا بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕێژەی گواستنەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا خێراترە و زیاتر كار لەسەر منداڵ و گەنج دەكات، بەڵام ئاستی كوشندەییان هاوشێوەی یەكە، بۆ داهاتووش ئەگەر توێژینەوەی دیكەیان لەسەر بكرێت و ئەنجامی دیكە هەبێت، ئەوە تاكو ئێستا دیارنییە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ڕێكارەكانی خۆپارێزی بۆ كۆڤید 20 هاوشێوەی ڕێكارەكانی پێشترە، كە بریتیبوون لە زوو زوو دەستشۆردن و دووركەوتنەوە لەقەرەباڵغی و بەكارهێنانی دەمامك و ڕێكارەكانی دیكەش.

ئەو پزیشكە، كە لەنەخۆشخانەی عەلی ناجی تایبەت بەكۆرۆنا كاردەكات وتیشی، “نیشانەكانی كۆڤید 19 هەمان نیشانەكانی كۆڤید 20 و ڕێگای چارەسەرییەكانیشی هەمان ڕێگای چارەسەرە”.

ئەوەشی خستەڕوو، تاكو ئێستا لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەوەنییە، كە ئایا كەسێك كە تووشی كۆڤید 19 بووبێت، بەرگری دژ بەئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەش هەیە یان نا، چونكە ئەم بابەتە بەردەوام توێژینەوەی لەسەر دەكرێت.

زیاتر ڕوونیكردەوە، قسە لەسەر ئەوەش هەیە، كە كەسی تووشبوو جارێكی دیكە تووش دەبێتەوە، یان ڤایرۆسەكە چالاكدەبێتەوە؟ ئەمانە پرسیاری زانستین، كە تاكو ئێستا هیچ توێژینەوەیەك لەسەدا ١٠٠ وەڵامی نەداونەتەوە.

ئەوەشی باسكرد، لەسەرەتاوە باسلەوەدەكرا ڤاكسین تاكو ڕێژەی لەسەدا ٨٥ بۆ ٩٥ پارێزگاری دژ بە كۆڤید 19 دروستدەكات، بەڵام كۆڤید 20 كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، ئەگەر گۆڕانكارییەكان وەك ئێستابن، ئەوە ئەگەری هەیە ئەم ڤاكسینە سودی بۆ ئەمەش هەبێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانكارییەكان زیاترببن، ئەو كاتە ڤاكسینەكە ناتوانێت بەرگری بۆ جەستە دروستبكات و ئەگەری تووشبوونەوە زیاترە.

ناوبراو لەبارەی دووبارە دەستپێكردنەوەی كەرەنتینە و جێبەجێكردنی ڕێنماییە توندەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ساڵی پار مانگی دوو باسلەوەدەكرا كورد بەرگری زیاترە یان ڤایرۆسەكە لەكوردستان كاریگەری كەمە یان دەیان گریمانەی دیكە، بەم شتانە خەڵك دڵخۆشكرابوو، تائەو كاتەی لەدوای مانگی 3 كارەسات دروستبوو، بۆیە ئەمجارە پێویستە ئەزموون لەڕابردوو وەربگرن.

زیاتر ڕوونیكردەوە، لەكاتێكدا لەوڵاتانی دەوروبەر كۆڤید 20 هەیە و تێكەڵاوی هەیە و ڤایرۆسەكەش خێراتر بڵاودەبێتەوە، پێویستە خۆپارێزی و كەرەنتینە بەپلانێكی تۆكمەتر و گونجاوتر و زانستییانە جێبەجێ بكرێن.

وتیشی: ئێستا كەمتەرخەمی زۆر لەخۆپارێزی دەبینرێت، بۆیە گرنكە هاوڵاتییان دەمامك بەكاربهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی خۆی و خێزانەكەی و كۆمەڵگەش.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاكو ئێستا لەهەرێمی كوردستان ئەم ڤایرۆسە نوێیە تۆمارنەكراوە، بەڵام لەعیراق چەند حاڵەتێك تۆماركراوە.

ئەوەشی باسكرد، لەئێستادا ڕێژەی تووشبوون بەكۆڤید نۆزدە لەهەرێمی كوردستان و جیهانیش دابەزیوە، ئەمەش بەشێكی پەیوەندی بە دروستبوونی بەرگری گشتییەوە هەیە، هەرچەندە ڕۆژانە تووشبووی كۆرۆنا تۆماردەكرێت، بەڵام ڕێژەیان كەمە.