سەردێر

پزیشكێكی كورد داهێنانەكەی بۆ دڵی دەستكرد دەگوازێتەوە بۆ كوردستان

خەڵك-ئارام سەردار
پزیشكێكی كورد، كە كار لەدانانی دڵی دەستكرد بۆ مرۆڤ دەكات ڕایدەگەیەنێت، ئامادەم سیستمی دڵی دەستكرد بۆ كوردستان بگوازینەوە، ئەو دەرفەتەی بۆم ڕەخساوە بۆ خزمەتی نەتەوەكەی خۆم بەكاری دێنم.

د. ئازاد نەجاڕ، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەڕلەمان و لیژنەی تەندروستی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەوڵاتی سوید ماوەی 20 ساڵە سەرقاڵی توێژینەوەم لەبارەی دڵی دەستكرد سەرەنجام ئەو دڵە دەستكردەم داهێناوە، چەندان داهێنانیشم هەیە و دواترینیان دڵی دەستكردبوو.

دەشڵێت: “سوپاسی بەرپرسانی هەرێم دەكەم لەهەریەكه لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی، كە ئامادەییان دەربڕێوە بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ ئەوەی ئەو داهێنانی دڵی دەستكرد بگەیەنینە هاووڵاتیانی كوردستان”.

ئەوەشی خستەروو، دڵی دەستكرد هۆكارە بۆ درێژەپێدانی ژیان لەلایەن ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، ساڵانەش نزیكەی یەك ملیۆن كەس بەهۆی نەخۆشی دڵەوە گیان لە دەست دەدەن، بەگشتیش زیاتر لە ٢٥ ملیۆن كەس لە جیهاندا كێشەی دڵیان هەیە.

وتیشی، “بۆ هەرێمی كوردستان دەتوانین داهێنانەكە بگوازینەوە بەڵام دەبێ سەرەتا لە تاقیگەكاندا لەسەر ئاژەڵان پزیشكەكان ڕابهێنرێن و دواتر بۆ مرۆڤەكان سوودی لێوەربگرێن”.