سەردێر

“ئێران هەولێر بە ئامانج دەگرێت”

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، هەوڵێك هەیە بۆ تێكدانی ئارامی هەرێمی كوردستان.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوو چەند مووشەكێك ئاڕاستەی هەولێر كران و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی و سەربازی ئەمریكایی بوونە قوربانی و ناڕەزایەتی نێوخۆیی و دەرەكی بەدوای خۆیدا هێنا.

هێمن میرانی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گومان نییە ئێران دەستی لەو مووشەكانە هەیە، ئەگەرچی وەزارەتی دەرەوە ڕوونكردنەوەی داوە و دەڵێ، ڕەتیدەكەینەوە.
وتیشی”مەرج نییە ئێران بەو گروپەی وتبێت ئەو كارە بكەن، چونكە ئێران هێندە گروپی حەشد و توندڕەوی لە ناوچەكە دروست كردووە، چاوەڕوانكراوە كە هەندێك لەو گروپانە لەدەستی دەرچووبن و خۆیان هەڵسوكەوت بكەن”.

ئاشكراشیكرد، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە مەلەفەكان تێكەڵ بكرێن و كێشەی دروست بكرێت، كە هەرێم سەربەخۆیی لەدەست بدات، ئەو زەمینەسازییەی بۆ پێكهاتن لەگەڵ بەغدا و جێبەجێكردنی دەستوور لە سەردەمی كازمی هاتووەتە ئاراوە و دەیانەوێ لەباربچێت و فشار بخەنەوەبەردەم هەرێم.

ڕوونیشیكردەوە، فشارەكانی ئێران بۆ ئەوەیە هەرێم نەبووەتە بەشێك لەو حكومەتە پاشكۆیانەی ئێران دروستی كردوون لە ناوچەكە، بێگومان هەوڵ دەدەن ئارامی هەرێم تێكبچێت و كێشە لەناوخۆی هەرێم زۆر بێت، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە دوای ڕووداوی مووشەكەكان، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی یەكخست، كە بینیمان بە نیگەرانیەوە سەیری ئەو هەڵوێستەیان كرد و ئاشكرایانكرد، تێكدانی ئارامی كوردستان هیڵی سوورە، ئەمە مانای سیاسی گەورەی هەیە كە هەرێم جێگە و پێگەی خۆی لە هاوكێشەی هەرێمی هێشتا بەهێزە و بە ئاسانی ڕێگا نادرێت هەولێر وەكو سوریا و عێراق و لوبنانی لێبكرێت.

سەبارەت بە بەردەوامی ملنەدانی هەرێم بۆ ئێران، میرانی ڕایگەیاند، هەڵبەت ئەو ملنەدانە باجی هەیە و ئێران بەردەوام دەبێت لە دروستكردنی كێشە و هەوڵ دەدات یەكڕیزی سیاسی هەرێم تێكبدات، لەبەرئەوە سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەسەری پێویستە دەستكەوتەكان بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی بپارێزێت.