سەردێر

“مووشەكبارانی هەولێر بەشێكە لە شەڕی هەرێمی”

خەڵك-

بەرپرسی میحوەری (6)ی هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر بۆ فشاركردنە لە هێزەكانی هاوپەیمانان تا لە هەرێم و عێراق بكشێنەوە.

سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەكانی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، هێشتا لێكۆڵینەوە لە ڕووداوی مووشەكەكانی هەولێر تەواو نەبووە، بەڵام ئەگەری هەیە ئەو چەكدارانە لەزێی گەورەوە پەڕیبێتنەوە، چونكە ئێستا ئاو زۆر كەمە، هەرچەندە تاكو ئێستا پشتڕاست نەكراوەتەوە.

وتیشی”ئەو هێرشە بۆ ئەوەیە فشار بكەن لە هاوپەیمانان كە هەرێم و عێراق نەمێنن، چونكە ئەمە جاری دووەمە، بەشێوەیەك هەردوو جارەكە ئاڕاستە دەكرێت زیاتر بەرەو بنكەكانی هاوپەیمانانە”.

راشیگەیاند ئەگەر هاوپەیمانان خوانەخواستە ڕۆژێك لەڕۆژان بڕیاری ئەوە بدەن عێراق جێبهێڵن، دەبێتە ماڵوێرانیەكی تەواو بۆ هەموو عێراقییەكان، واتە ساڵانی شەڕی ناوخۆ دەگەڕێتەوە بەخراپتریش.

ڕوونیشیكردەوە، پەیامەكە بۆ هاوپەیمانان و سەركردایەتی كورد بوو، چونكە نایانەوێت ئەم پارچەیەی عێراق كە هەرێمی كوردستانە سەقامگیری تەواوی هەبێت، بۆیە ئەم خەڵكە ناحەز و گروپە تیرۆریستانە بەو شێوە كارانەیان دەیانەوێت ئەم بارودۆخە تێكبدەن.

سیروان بارزانی ڕاشیگەیاند، ئاڕاستەكردنی مووشەك بۆ هەولێر بەدڵنیاییەوە بەشێكە لەشەڕە ئیقلیمیەكە كە دەگوزەرێت، ئێستا لەم ناوچەیە بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نییە لەوە پارچەیە لەعێراق.