سەردێر

ڕەشەباكە زیانی زۆری بەسلێمانی گەیاند

سلێمانی – نزار جەزا

لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەكان لەشارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕەشەباكەی شەوی ڕابردووەوە زیانێكی زۆر بەسلێمانی كەوتووە.

نزار كەمال لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزارییەكان لەشارەوانی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ڕەشەباكەی شەوی ڕابردوو زەرەر و زیانێكی زۆری بۆ شارەكە هەبوو، بەتایبەت بۆ درەختەكان، چونكە ژمارەیەك دارێكی شكاندووەتەوە و بەشێكیشی لەڕەگەوە هەڵكەندووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تیمەكانیان لەهەوڵی كۆكردنەوەی دارەشكاوەكانن و لەهەوڵدان بۆ پاككردنەوەی ئەو خۆڵ و پیسیەی كە كۆبووەتەوە.

باسی لەئەوەشكرد، بەشێكی دیكە لەزیانەكان هێماكانی هاتوچۆیە لەسەر شەقامەكان، كە هەندێكیان بەكۆنكرێتەكەوە هەڵكەندراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێك لەبۆردی ڕیكلامە بازرگانییەكان شكاون و كەوتوونەتە خوارەوە.

وتیشی: بەشێوەیەكی گشتی ئەم ڕەشەبایە زیانێكی زۆری هەبووە، بەڵام وەك ئامار لەئێستادا لەبەردەستیاندا نییە، چونكە ئێستا لەهەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكانن و دوای ئەوە دەتوانن كۆی گشتی زیانەكان بخەمڵێنن و ئاماری دروستیان دەستبكەوێت.

هەر بەهۆی ڕەشەباكەوە زیانێكی زۆر بەر تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا كەوتووە و بەهۆیەوە كۆنتڕۆڵی كارەبا ناتوانێت بەرنامەی كارەبا جێبەجێ بكات.

بەپێی نوێترین پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ خێرای با بەردەوامی دەبێت، سبەی كۆتایی دێت.

لەئێستاشدا خێرایی با لەهەندێك شوێنی هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە سەروو ٤٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێردا.

شەوی ڕابردوو ڕەشەبایەكی بەهێز سلێمانی و دەوروبەری گرتەوە، ئەمەش پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی كرابوو، كە خێرایی با بگاتە سەروو ٣٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا.