سەردێر

یەكێتی مامۆستایان لەسەر پڕۆسەی خوێندن پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی كەمبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دۆخی خوێندكاران و داواكاری دایكان و باوكان پاڵپشتی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندنیان كردووە و جەختیشدەكاتەوە لە دابەشكردنی مووچە بە 30 ڕۆژ جارێك و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان.

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بڕیارێكی ڕاستە، هەرچەندە بڕیارەكە بەدڵی هەموو لایەك نیە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە وەكو سەرەتایەك دوای زیاتر لە یەكساڵ دابڕان هەنگاوێكی باشە.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە حكومەتی هەرێم 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات و پڕۆسەی پلەبەرزكردنەوە، كە لە 2015ەوە ڕاگیراوە دەستپێبكاتەوە.

راگەیاندراوی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
دەربارەی دەسپێكردنەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن

پرۆسەی پەروەردە یەكسانە بە زیندوویەتی كۆمەڵگە

جەماوەری هەرێمی كوردستان
مامۆستایانی دڵسۆز و خۆنەویست
قوتابیان و خوێندكارانی خۆنەویست
لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بەهەموو جیهان بەهەرێمی كوردستانیشەوە، یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە پێشەوەی هەموو لایەنەكان داوای وەستاندنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنی لەهەموو قۆناغەكانی خوێندن كرد، بۆ ئەوەی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران پارێزراو بن، چونكە شارەزاییەكی ئەوتۆ تەنانەت لەلایەن ناوەندە تەندروستیە باڵاكانیش نەبوو، بڕواشی وابوو هەژمونی ئەو بەڵایە ئەوەندە درێژە ناكێشێت و لەگەڵ گەرمبوونی كەش و هەوا كەم دەبێتەوە، بەڵام بۆچون و خوێندنەوەكان وەكو خۆیان دەرنەچون نەخۆشیەكە درێژەی كێشا، بۆیە یەكێتی مامۆستایان گەیشتە ئەو باوەڕی تازە ژیان دەبێت لەگەڵ ئەو نەخۆشیە بێت و ناكرێت جومگە بنەڕەتیەكانی كۆمەڵگە لەوانەش پرۆسەی پەروەردە و فێركردن وەستاندنی درێژە بكێشێت، لەبەر ئەوە لەسەرەتای ساڵێ تازەی خوێندنەوە پڕۆژەیەكی ورد و زانستیانەی پێشكەش بەهەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كرد، دیارە بەهۆی رەوشە تەندروستیە نادیارەكە پرۆسەكە لەوەزارەتی پەروەردە دەستی پێنەكردەوە، بەڵام لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری خوێندن دراو سەركەوتوش بوون، لەو ماوەیەدا یەكێتی مامۆستایان بەردەوام لەهەوڵدابوو بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە بەڕێوە بچێت، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار لەوانە :
1- كەمبوونەوەی توشبوون بەو ڤایرۆسە نەفرەتیە
2- داواكاری دایكان و باوكان بۆ كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن
3- رزگاركردنی قوتابیان و خوێندكاران لەو رەوشە دەرونیە نالەبارەی بەهۆی درێژەكێشانی مانەوەیان لەماڵەوە گیرۆدەی بوون
سەرباری ئەوانە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بڕوای تەواوی بەوەیە پرۆسەی پەروەردە یەكسانە بە زیندوویەتی كۆمەڵگە، سەرەنجام لێژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆڤید -19 بڕیاری كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندنیدا راستە بڕیارەكە بەدڵی هەموو لایەك نیە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە وەكو سەرەتایەك دوای زیاتر لە یەكساڵ دابڕان هەنگاوێكی باشە بۆیە یەكێتی مامۆستایان لەلایەك پشتگیری پرۆسەی خوێندن دەكات بەهیوای ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبچێت ، لەلایەكیتر داواكارە حكومەتی هەرێم كاری جددی بكات بۆ :
1- دابەشكردنی موچە هەموو 30 رۆژ جارێك هەروەك خۆشیان بەڵێنیان داوە
2- تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ پاكڕاگرتنی ناوەندەكانی خوێندن هەروەها هۆكارەكانی خۆپارێزی بۆ مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران
3- دەسپێكردنەوەی بەرزكردنەوەی مووچە كە لە ساڵی 2015 ەوە وەستێنراوە وەك مافێكی شایستەی مامۆستایان و فەرمانبەران بەپێێ یاسا بەركارەكان .

سەركەوتن بۆ پرۆسەی پەروەردە و فێركردن
تەندروست باشی و سەرساغیش بۆ تەواوی
مامۆستایان و قوتابیان و خوێندكاران

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مەكتەبی سكرتاریەت