سەردێر

دزێك دەستگیر كرا

دوو جارو لەدوو ئوتۆمبێل نزیكەی‌ بڕی‌ 10 ملیۆن دیناری‌ عێراقی‌ دزیوە

خەڵك-
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند، كەلەدوو كاتی جیاوازدا دزی لەدوو ئۆتۆمبێل كردووە كاتێك لەناو بازاڕدا راگیراون.

پۆلیسی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، مەفرەزەكانی‌‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی‌ – نوسینگەی‌ ناو بازاڕ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە دو تاوانی‌ دزیكردنی‌ لەناو بازاڕی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئەنجامدابوو.

لەڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، دوای‌ ئەوەەی‌ دوو هاوڵاتی‌ سكاڵایان تۆماركرد كە بڕێك پارەیان لەناو ئوتۆمبێلەكانیان لێ دزراوە بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانی‌ ڕاسپارد كە دەستبەجێ تۆمەتبار بدۆزنەوەو دەستگیری‌ بكەن.”

ئەوەش هاتووە، پاش كۆكردنەوەی‌ زانیاری‌‌ پێویست ‌و ئەنجامدانی‌ لێكۆڵینەوەی‌ وردو وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ سلێمانییەوە‌‌ دەستگیربكرێت.

ئاماژە بەوەكراوە، لەلێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا تۆمەتبارەكە دانی‌ بەتاوانەكەیدا نا كە دوو جارو لەدوو ئوتۆمبێل نزیكەی‌ بڕی‌ 10 ملیۆن دیناری‌ عێراقی‌ دزیوە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: تۆمەتبارەكە ناوی (م، ج، ق) ە و لەدایكبووی‌ 1979 ە و پیشەی گواستنەوەی‌ كەلوپەلە بەعەرەبانە لەناوبازاڕ، و لە ئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەری‌ لێكۆڵینەوەو بەپێی‌ ماددەی‌ 446 ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ داوا لەهاوڵاتیان دەكات،” ئۆتۆمبێلەكانیان بەئیشپێكراوی‌ لەناو بازاڕو لەسەر شەقام ‌و شوێنەگشتییەكان بەجێنەهێڵن تا ڕوبەڕوی‌ ڕوداوی‌ لەو شێوەیەو زیانی‌ مادیی نەبنەوە”.