سەردێر

بەوێنە، شوێنەواری هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر

خەڵك-
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق ڕایگەیاند، هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر بووە مایەی كوژرانی بەڵێندەرێكی مەدەنی و برینداربوونی سەربازێكی ئەمریكایی، ئەم هێرشەش بە خوێناویترین دادەنرێت لە ماوەی نزیكەی ساڵێكدا.

شەوی ڕابردوو، ژمارەیەك مووشەك لە بنكەیەكی سەربازی ئاسمانی نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كەوتنە خوارەوە، بەرپرسانی ئەمریكاییش لەو بارەیەوە ئاماژەیان بە كوژرانی بەڵێندەرێك كرد كە ئەمریكایی نییە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش باسی لە برینداربوونی پێنج بەڵێندەری تر كرد، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەو بارەیەوە بخاتەڕوو.

گروپێكی نەناسراو، بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەكەی ڕاگەیاند، بەرپرسانی عیراقیش دەڵێن، ئەو گروپە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، هێرشەكەش هێندەی تر تەنگژەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر دەكات، لەكاتێكدا واشنتن و تاران، گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران تاوتوێ‌ دەكەن.

ئەو هێرشانە قوربانی زۆرییان لێنەكەوتۆتەوە، بەڵام وەك گوشارێكن بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، بە تایبەت لە سەرەتای ماوەی سەرۆكایەتی جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا.