سەردێر

ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 3332 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1622 كەسیش چاكبوونەتەوە، 7 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا.


بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 43 هەزار و 851 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 3332 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو بە ژمارەیەكی پێوانەیی دادەنرێت و بە شێوەیەكی ناچاوەرۆِوانكراو بەرزبۆتەوە.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا و واست و بەسرە بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 945 و لە نەجەف 446 و لە كەربەلا 325 و لە واست 305 لە بەسرە 281 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 54، هەولێر 50، و دهۆك 34 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1622 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا و زیقار بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 7 كەس بەهۆی پەتاكە.