سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە: هێرش بۆ سەر هاوپەیمانان، هێرشكردنە بۆ سەر پێشمەرگە

خەڵك-

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بەتوندی ئیدانەی هێرشی ترسنۆكانەی تاریكپەرستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكەین.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دووپاتیدەكەینەوە هەرگیز دەستی چەپەڵی ناحەزان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان بشێوێنن و بەسەختی ڕووبەڕوویان دەبینەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە

بەتوندی ئیدانەی هێرشی ترسنۆكانەی تاریكپەرستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكەین، دووپاتیدەكەینەوە هەرگیز دەستی چەپەڵی ناحەزان و تیرۆریستان ناتوانن ئاسایش، ئارامی و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان بشێوێنن و بەسەختی رووبەڕویان دەبینەوە.
هاوڵاتیان و خەڵكی ئازیزی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە ساز و ئامادەیە بۆ بەرگری و پاراستنی سەلامەتی خەڵك و خاكی كوردستان.
ئێستا لەهەموو كات زیاتر، پێویستیمان بەیەككڕیزی، یەكهەڵوێستی و یەكدەنگیی هەیە. بە ئیرادەی بەرزی پۆڵاینی پێشمەرگایەتیمان تیرۆریستان تێكدەشكێنین و، رێگە نادەین بەهیچ شێوەیەك ژیانی هاوڵاتیانمان بخرێتە مەترسییەوە.
دوپاتی دەكەینەوە، هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان، هێرشكردنە بۆ سەر پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان، ئێمە لەگەڵ دۆستانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش، رێگایەكی دوور و ساڵانێكی درێژە، پێكەوە لەبەرەی بەرەنگاری تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانین لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی هەرێم و ناوچەكە.
وێڕای سەرەخۆشیمان لەقوربانیەكەی ئەو كارەساتە، سەلامەتی و شیفای خێرا بۆ برینداران و ئارامی و ئاسایش بۆ هەرێمی كوردستان دەخوازین.

وەزارەتی پێشمەرگە
16ی شوباتی 2021