سەردێر

“هێرشەكەی هەولێر، پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ بەئامانجكردنی ئاسایشی وڵات”

خەڵك-

سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەركۆنەی ئەو هێرشە مووشەكییە دەكەین كە شەوی ڕابردوو كرایەسەر شاری هەولێر.

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند، ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەم كە ئارامی شاری هەولێری كردە ئامانج.

وتیشی”ئەو كردە تاوانكارییە، پێشهاتێكی مەترسیدارە بۆ بەئامانجكردنی ئاسایشی وڵات، پێویستە هەمووان هاوكاربن لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق”.

ئاشكراشیكرد، سزای توندی هەموو ئەو كەسانە بدرێت كە ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتییان دەكەنە ئامانج.

لای خۆیەوە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش رایگەیاند، لە هێرشە مووشەكییەكەی سەر شاری هەولێر، بەڵێندەرێكی مەدەنی كوژراوە و پێنج بەڵێندەری دیكەی مەدەنی و یەك سەربازی ئەمریكی برینداربوون.

هاوكات گرووپێكی چەكداری كە ناوی خۆی ناوە “سەرایا ئەولیا ئەلدەم” بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەی سەر شاری هەولێر ڕاگەیاند.