سەردێر

ژمارەیەك فەرمانگە ڕازی نین بە لێبڕینەوە مووچە وەربگرن

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئەمڕۆ سێ شەممە هاوشێوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو ئەفسەران و كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێمی كوردستان چوونەوە بۆ فەرمانگەكانیان و لەوێ بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.

فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم كۆتاجار 8\12\2020 مووچەیان وەرگرت، لەوكاتەوە كە دوو مانگ زیاتر تێپەڕیوە چاوەڕێن مووچەیەكی دیكە وەربگرن، بەڵام چاوەڕوانی ئۆقرەی لێبڕیون.

حكومەتی عێراق مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12ی ساڵی ڕابردووی بۆ ئەم فەرمانگانە خەرج نەكردووە، مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵیش حكومەتی هەرێم داوایكردووە كە بەلێبڕینی سەدا 21 دابەشی بكات، بەڵام ئەفسەران و كارمەندان تاكو ئێستا ڕەزامەندنین بۆ ئەم پێشنیازە.

لەئێستادا ئەفسەران و كارمەندان داوای مووچەی تەواوەتی دەكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم ئاستی خۆڕاگری ئەم فەرمانبەرانە لەئاست بێ مووچەیی تاقیدەكاتەوە و چاوەڕێیە بەپێشنیازەكەی ڕازیبن، بۆیە تاكو ئێستا مووچەی دابەشنەكردووە.

ماوەی زیاتر لەدوو مانگە فەرمانگە فیدڕاڵییەكان، كە مووچەیان ڕاستەوخۆ لەبەغداوە دێت، هیچ مووچەیەكیان وەرنەگرتووە و لەساڵی ڕابردووشدا پێنج مووچە دابەشنەكراوە.

ئەم فەرمانگانە مووچەكانیان بەهاوبەشی لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقەوە دابیندەكرێت.