سەردێر

گروپێكی چەكدار، بەرپرسیارێتی هێرشەكەی هەولێری گرتەئەستۆ

خەڵك-

گروپی چەكداری (سرایا ئەولیائولدەم) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەولێر ڕاگەیاند.

كەناڵی “العالم”ی بڵاویكردەوە، (سرایا ئەولیائولدەم) كە گروپێكی چەكدارییە ڕایگەیاند، بەسەركەوتووی توانیویانە كاتژمێر 9:15 خولەكی شەوی دوو شەممە، 24 مووشەك ئاڕاستەی شاری هەولێر بكەن بەدووری حەوت كیلۆمەتر، ئامانجەكەیان پێكاوە و شكستیان بە سیستمی C-RAMی دژە مووشەكی هێناوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، زیانی زۆری ماددیان لە كۆگا و فڕۆكەكانی وڵاتانی داگیركەر داوە و جگە لەوانەش مووشەكەكان چەند بریندارێكی لێكەوتووەتەوە كە سەرجەمیان لە ڕیزی “هێزە داگیركەرەكان” بوون.

كەناڵەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەو موشەكانەی لە دەرەوەی بنكەی “هێزە داگیركەرەكان” كەوتوونەتە خوارەوە، مووشەكی ئەمریكین كە هەوڵیاندا بەر بە موشەكەكانمان بگرن، بەڵێنیش دەدەن تۆڵەی سەرجەم شەهیدەكان لە هێزە داگیركەرەكان بكەینەوە و هیچ شوێنێكیش بۆ هێزەكانی ئەمریكا پارێزراو نابێت تەنانەت هەرێمی كوردستانیش.

شەوی ڕابردوو هێرشێكی مووشەكی كرایەسەر هەولێر و بەهۆیەوە چەندین كەس بوونە قوربانی و لای خۆشییەوە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەتوندی سەركۆنەی هێرشە موشەكییەكە دەكەم و هێزە ئەمنییەكانیشمان لێكۆڵینەوەیەكی وردیان دەستپێكردووە.