سەردێر

یەکێتی وەبەرهێنەران و دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوە

خەڵک

لەسەر داوای لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، ژمارەیەک وەبەرهێنەری هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەر‌هێنان کۆبوونەوە.

لەمبارەیەوە، یاسین مەحمود رەشید، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان – سلێمانی، بە (خەڵک)ی وت؛ کۆبوونەوەکە لەسەر داوای لقی سلێمانی یەکێتییەکەمان بووە و بە خۆشحاڵییەوە بەرێز، دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمڕۆ لە دیوانی دەستە گوێی لە ڕاو پێشنیارەکانی وەبەرهێنەران گرت و لەنزیکەوە کێشەو گیروگرفتەکانی وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگانەی دێنە پێش بۆخستەڕوو.

وتیشی؛ لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆمان کرد سەبارەت بەدۆخی وەبەرهێنان و کێشەو گرفتەکانی بەردەم ئەو کەرتە گرنگە و داوا و پێشنیارمان بۆ باشتر ڕاییکردنی کارەکان و گەشەپێدانی زیاتر خستە بەردەم بەرێز د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستە.

یاسین مەحمود، ئەوەشی وت؛ بە خۆشحاڵییەوە گوێ لە داواکانمان گیراو بەڵێنی کاراکردنی ئەم کەرتەو بایەخ پێدانی زیاترمان پێدراو داوای ئەوەشی لەوەبەرهێنەران کرد پاڵپشتی بەرنامەی حکومەتی هەرێم بین کە مەبەستییەتی تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەستی ئاوەدانی بیگاتێ و بێ جیاوازی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بیانگرێتەوە و هەروەک خوازیاریش بوو کە هەماهەنگی زیاترو بەدەمەوە چوونی زیاتری وەبەرهێنەران هەبێت بۆ ئەو پرۆژە وەبەرهێنانانەی کە بەم نزیکانە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت.