سەردێر

خەڵك زانیاری لەسەر ڕاگەیاندنی كەرەنتیە و قەدەغەی هاتووچۆ لە هەرێم بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا لە وڵاتانی توركیا و ئێران و ئەمڕۆش لە عیراق وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئامادەكاری دەكات و لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە و بە پێی زانیارییەكانیش بەم نزیكانە بڕیار لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی سنوردار دەدرێت.

بە پێی زانیارییەكانی خەڵك، كە لە سەرچاوەیەكی تەندروستی دەستیەوە كەوتووە، وەزارەتی تەندروستی پێشنیاری بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كردووە، كە لە هەرێم بۆ ڕێگری لە خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ چەند بڕیارێكی بە پەلە دەر بكەن.

سەرچاوەكە باسی لەوەكرد، كە داواكراوە قەدەغەی هاتووچۆ بە شێوەی سنوردار ڕابگەبەنرێت بەتایبەت لە ڕۆژە پشووەكاندا وەك ڕۆژانی هەینی و شەممە بۆ ئەوەی بەریەك كەوتن كەمتر بێت ، هەروەها هاوشێوەی عیراق شەوانیش لە كاتژمێر 8بۆ 5ی بەیانی قەدەغەی هاتووچۆ پەیڕەو بكرێت.

ئەوە سەرچاوە بۆ خەڵك ئەوەشیخستەڕوو، كە لە ڕۆژانی دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن و شوێنە گشتییەكان ڕێكارەكانی خۆپارێزی توندتر بكرێتەوە و شیوازێكی نوێی بۆخۆپارێزی لە ناوەندەكانی خوێندن بگیرێتە بەر و پێشنیار كراوە، كە جارێكی دیكە بڕیاری ڕاگرتنی خوێندن بدرێتەوە، كە ئەمانە هەمووی پێشنیارە و دواتر بە فەرمی بڕیاری لەسەر دەدرێت.

هەر بە پێی زانیارییەكان، پێدەچێت ڤایرۆسە پەرەسەندوەكەی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان بڵاوبوبێتەوە، لە بەرنەبوونی كیت نەتوانراوە دیاری بكرێت، بۆیە بۆ ئەو مەبەستە لە ڕۆژانی داهاتوودا وەزارەتی تەندروستی هەرێم و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆدەبنەوە .