سەردێر

توركیا لەسەر كوژرانی سەربازەكانی لە هەرێم باڵیۆزی ئەمریكا بانگ دەكات

خەڵك-
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بەهۆی هەڵوێستی واشنتنەوە لەبارەی كوژرانی سەربازەكانی لە هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئەمریكا لە ئەنقەرە بانگ دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاوكرایەوە”كوژرانی 13 هاووڵاتی تورك لە هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دەگەیەنینە كوسوكاری قوربانیان”، بەڵام لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گومانی خۆی خستبووەڕوو سەبارەت بە تێوەگلانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ڕووداوەكەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو”گەر دڵنیابین لەوەی مەدەنییە توركەكان بەدەستی پارتی كرێكارانی كوردستان كوژراون، ئەوا ئیدانەی دەكەین”.

هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، ڕایگەیاند”دێڤید ساترفیڵد باڵیۆزی ئەمریكا بانگ كراوە بۆ وەزارەتی دەرەوە و ناڕەزایی ئەنقەرە بەرانبەر بە هەڵوێستی واشنتن دەربڕدراوە لەبارەی كوژرانی هاووڵاتییە توركەكان لە عیراق”.