سەردێر

تەندروستی هەرێم هۆشداریی دەداتە هاووڵاتیان

پەیوەندی بە كۆرۆنا نوێیەكەوە هەیە

خەڵك-
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان داوا لە هاووڵاتیانی هەرێم دەكات، لەدوای تۆماركردنی زنجیرەی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق، زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند” داوا لە هاووڵاتیان دەكەین، پابەندی بەكارهێنانی ماسك و پاراستنی دووری نێوان كەسەكان و دەست شوشتنی بەردەوام بن ، لەبەرئەوەی تەنها رێگا لەپێشمان بۆ كەمكردنەوەی ترسناكی زنجیرە گۆڕاوەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا پابەندبوونە بە رێكارەكانی خۆپارێزی “.

ئاسۆ حەوێزی دەڵێت” لەكاتی بوونی حاڵەتی گوماناوی هەرێمی كوردستان توانای دەستنیشانكردنی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەی كۆرۆنای هەیە لەڕووی ئامێرو شێوازی دەستنیشانكردن، بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە”.

ئەمڕۆ دوو شەممە، حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عیراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند” یەكەم حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو لە عیراق دیاریكراوە كە چەند تووشبوویەكن و لە تاقیگەكان پشكنینیان بۆ كراوە و تووشبونییان بە ڤایرۆسەكە پشتڕاستكراوەتەوە”.

بە وتەی حەسەن تەمیمی”جۆرە نوێكەی كۆرۆنا لەناو منداڵان بڵاوبووەتەوە “، هۆشداریشیدا لەوەی ئەو جۆرە نوێیە بەخێراییەكی زیاتر بڵاودەبێتەوە، و داواشی لە هاووڵاتیان كرد، پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزیی بن.