سەردێر

شاندی هەرێم لەگەڵ هادی عامری كۆدەبێتەوە

خەڵك-
بڕیارە شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان لەسەر داواكاری شیعەكان لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆببێتەوە.

 

ڕێزان دلێر ئەندامی پەڕلەمان كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،
شیعەكان ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی شاندەكەی هەرێم كۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بكات و بڕیارە ئەو كۆبوونەوەیە بەڕێوە بچێت تا ئەو دوو بڕگەیەی لەنێو بودجەدایەو تایبەتە بە بودجەو مووچەی هەرێمی كوردستان گفتووگۆی لەسەر بكرێت و بگەن بە ڕێككەوتن.

وتیشی”شیعەكان زۆرینەیان دەڵێن ئێمە ڕازین بەوەی كە هادی عامری ڕەزامەند لەسەر بدات”.

ڕێزان دلێر ئاماژەی بەوەشكرد، بەغداد داوای 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم كردووە بەڵام هەرێم رازی نەبووە.

ئەوەشی وت، ئەگەرلایەنە عێراقییەكان بیانەوێت ڕێك بكەون دەبێت بەوە ڕازی بن كە هەرێم داوای دەكات ئەگەرنا حكومەتی هەرێم هیچ ڕێككەوتنێكی دیكە قبوڵ ناكات.