سەردێر

ئاوی بەنداوی دووكان بۆ نیوە دابەزیوە

قەبارەی بەنداوەكە 7 ملیار مەتر سێجایە

خەڵك-
بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ڕایدەگەیەنێت بەهۆی كەمی رێژەی باران بارین ئاستی ئاو لە بەنداوەكەدا 3 ملیارە لە كاتێكدا قەبارەی بەنداوەكە 7 ملیار مەتر سێجایە، بەڵام جێگەی مەترسی نییە.

كۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئاستی ئاوەكەمان 495.44 ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە و 3 ملیار ئاو لە نێو دەریاچەكەدا هەیە كە قەبارەی بەنداوەكە 7 ملیار مەتر سێجایە و ڕێژەی باران بارین ئەمساڵ 191.6 ملم بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمكاتە نزیكەی 80 سم كەمترە.

وتیشی، ئێستا ئاستی ئاوەكە باشەو هیچ جێگای مەترسی نییە چونكە لە ئێستاوە هەتا مانگی پێنج ئاستی ئاوەكە بەرز دەبێتەوە
بۆ كۆتایی ئەم هەفتەیەش شەپۆلێكی باران بارینی باش بەڕێگەوەیەو ئاستی ئاوەكە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەرچاوەكانی ئاوی بەنداوی دووكان بریتین لە زێی بچووك لە شاری پیرانشاری ئێرانەوە دەستپێدەكات و نزیكەی 100 كم بەناو خاكی ئێراندا دەبڕێت و دواتر لە خوار ناوچەی سەردەشتەوە دێتەوە كوردستانی عێراقەوەو لەوێشەوە ڕووباری قەڵاچوالان و سیوەیلی لە شارباژێڕەوە تێدەڕژێت ‌و لە قەندیلیشەوە چەند سەرچاوەیەكی دیكەی هەیە، واتە نیوەیان لەنێو كوردستان عێراق و نیوەكەی دیكەش لە كوردستانی ئێرانن.

وتیشی، لەسەرەتادا هۆكاری دروستكردنی بەنداوەكە بۆ ئەوە بووە كۆنتڕۆڵی ئەو لافاوانە بكرێت كە لەوەرزی زستان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دروست دەبێت و بۆ ئاودێری ناوچەی كەركوكیش بەكار هاتووە و لە بەرهەمهێنانی كارەبا و سامانی ماسیش سوودی لێدەبینرێت و هاوكات ناوچەیەكی گەشتوگوزارییە و لە ئێستادا بۆ ئاوی خواردنەوەش سوودی لێدەبینرێت.

بەنداوی دووكان ساڵی 1959 لەلایەن دوو كۆمپانیای بەریتانیایی و فەڕەنسایی دروستكراوە.

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان