سەردێر

پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: دوو تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە پێشتر دوو هاووڵاتیان بە چەقۆ برینداركردووە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، بەبڕیاری دادوەر دوو تۆمەتبار ڕاگیران كە پێشتر دوو هاووڵاتییان بە چەقۆ بریندار كردبوو و هەڵاتبوون.

پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشی دەكاتەوە، ڕۆژی 10/2/2021، لەناوبازاڕی دارەسووتاوەكە لە شاری سلێمانی لە شەڕێكدا دوو هاووڵاتی بە چەقۆ بریندار بوون و تۆمەتبارانی ڕووداوەكە هەڵاتن، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بریندارانی ڕووداوەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكرد.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە لێكۆڵینەوەكان دەستپێكرد و توانرا لە ڕۆژی 14/2/2021، تۆمەتباران (س ، ن ، ف) لەدایكبووی 1981 و (ز،ن ، ف) لە دایكبووی 1979 بدۆزرێنەوە و لە ئێستادا بەندن و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

خەڵك – بەشی هەواڵ