سەردێر

گەورەترین حزبی شیعە داوای دابەزاندنی نرخی دۆلار دەكات

خەڵك-
سەرۆكی فراكسیۆنی حزبی دەعوە، كە بە گەورەترین حزبی شیعە لە عیراق دادەنرێت داوا دەكات نرخی دۆلار لەناو پڕۆژە یاسای بودجەدا كەم بكرێتەوە.

عەبدولسەمەد خەلەف، سەرۆكی فراكسیۆنی حزبی دەعوە لە هەژماری خۆی لە توێتەر ڕایگەیاندووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، پاڵپشتی لەداواكارییە جەماوەرییەكان دەكەین بۆ دابەزینی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقی و چەسپاندنی لەنێو بودجەی گشتی وڵاتدا.

ڕاشیگەیاندووە، ئاستی ئابووری هاووڵاتیان هێلی سوورە و نابێ ببەزێنرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو، كە دەنگ لەسەر بودجە نادەن، ئەگەر نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لەبەرامبەر دیناری عێراقی نەكرێتەوە بە 119 هەزار دینار.

لای خۆشیەوە، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو، كە دەستكاری كردنی بەهای دۆلار لە دەسەڵاتی پەڕلەمان نییە و ئەوە پەیوەندی بە سیاسەتی نەختینەیی و داراییەوە هەیە، كە دەسەڵاتی حكومەتە.