سەردێر

ئەمریكا بنكەی سەربازی لە سەر سنوورەكانی كوردستان دروست دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بنكەیەكی گەورەی سەربازی لەسەر سێ‌ كوچكەی سنووری هەر سێ‌ بەشی باشوور و ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان (عیراق- سوریا- توركیا) دروست دەكات.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا، كە كەناڵی (العربیە) بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی دامەزراندنی بنكەیەكی نوێی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە ناوچەكانی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان) 50 بارهەڵگری دیكەی هاوپەیمانان ئەمڕۆ چۆتە خاكی سوریاوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو 50 بارهەڵگرە بڕێكی زۆر لە تانك و چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی و لۆجستی هەڵگرتووە و لەڕێگەی دەروازی (وەلید)ی سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان چۆتە خاكی سوریاوە و بەرەو شاری قامیشلۆ بەڕێكەوتووە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو 50 بارهەڵگرە بە 11هەمین كاروانی هاوكاری سەربازی هاوپەیمانان و ئەمریكا دادەنرێت، كە لەمساڵدا گەیشتۆتە ناو خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و بەهۆیەوە هاوپەیمانان بنكەیەكی نوێی سەربازی لە (عین دیوار) لە حەسەكە دادەمەزرێنن.

پێشتریش، ڕوانگەی سوری بڵاویكردبووە، كە لە 8ی ئەم مانگەدا كاروانێكی سەربازی هاوپەیمانان لەناو هەرێمی كوردستانەوە چۆتە ناو خاكی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، كە 45 بارهەڵگربوون و لە دەروازەی (وەلید)ەوە چۆتە قامیشلۆ و دواتر براوەتە بنكەی هاوپەیمانان لە حەسەكە و دێرەزوور.

لە 6ی مانگی ڕابردوودا كاروانێكی دیكەی سەربازی ئەمریكا بەهەمان شێوە لە هەرێمی كوردستانەوە گەیەنرایە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان لە حەسەكە، كە پێكهاتبوو لە 50 بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازی، كە چەندین چەك و جبەخانەی سەربازییان باركردبوو.