سەردێر

“خوێندن لەناو خوێندنگە و زانكۆ و پەیمانگاكان ڕاگیرایەوە”

خەڵك-
بە برٍیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عیراق، پڕۆسەی خوێندن لە كەرتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاگیرا و وەزارەتی پەروەردەش جەختدەكاتەوە، كە بەم زووانە خشتەی تاقیكردنەوەكان بڵاودەكەنەوە، بەڵام سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “ئامار و داتاكان لە هەرێم دڵخۆشكەرن و پێویستە خوێندنی ناو کەمپەس بەردەوام بێت”.

عیراق گەڕایەوە بۆ خوێندنی ئۆنلاین
بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عیراق، پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم خوێندنگە و پەیمانگا و زانكۆكان بە حكومی و ئەهلییەوە ڕادەگیرێت و دەبێتە خوێندنی ئەلیكترۆنی جگە لە قۆناغەكانی كۆتایی خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆل لە 18ی شوبات دەستپێدەكات تاوەكو 4ی ئازار و دواتر بەپێی دۆخەكە بڕیاری نوێ‌ دەدرێت.

ئاشكراشی كردووە، بەم نزیكانە خشتەی تاقیكردنەوەكان بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بڵاودەكەنەوە و پڕۆسەی تاقیكردنەوەكان لەناو پۆل دەبێت.

لە هەرێم چەند خوێندكارێك تووشی كۆرۆنا بوون
خوێندنگەی هەمدلای بنەڕەتی تێكەڵاو لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەر نەخۆشی كۆرۆنا و تووشبوونی بەشێكی خوێندكاران بەنەخۆشییەكە، دەرگای خوێندنگەكە دادەخەن و ئەم هەفتەیە داەوام ناكرێت و بۆ هەفتەی داهاتووش ئاگادارتان دەكەینەوە.

عەدنان زەهاوی، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی قەڵا لە شارۆچكەی كەلار بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی گومانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو خوێندكارانی ئەو خوێندنگەیە بڵاوبووەوە 17 خوێندكار هێنرانە نەخۆشخانەكە بۆ پشكنین و ئێمەش 3 خوێندكارمان بە نمونە وەرگرت، كە نیشانەكانیان هەبوو، دەركەوت ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤە و هەڵگری ڤایرۆسەكەن.

ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دووبارە ئەو 17 خوێندكارە هێنرانەوە و پشكنینیان لێ‌ وەرگیراوە و تیمێكیش ڕەوانەی خوێندنگەكە كراوە ئەمشەو ئەنجامەكان دەردەچن.

“لە هەرێم ئاماژەکان دڵخۆشکەرن”
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ھەفتەیەکە پڕۆسەی خوێندن دەستی پێکردووە بەھەموو پێوەرێک خۆپارێزی باش ھەبووە و لەکۆی ملیۆنێک و 700 ھەزارخوێندكار تەنھا چوار کەس تووشی کۆڤید ١٩ بوون، کە مەرج نیە لە نێو ھۆڵی قوتابخانەکان تووشبووبن.

ڕاشیگەیاندووە، ھەرچەندە ئەو ماوەیەی دیاری کراوە بۆ ھەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لە ٢٠٢١/٢/٢١ دیار دەبێت و لە ٢٠٢١/٢/٢٣ دوا بڕیار دەدرێت لەم بارەیەوە، بەڵام بەپێی ھەموو ئامار و داتاکان کەوا ڕۆژانە لە ڕێگەی پەروەردەی قەزاکانەوە بە دەستمان دەگات، ئاماژەکان دڵخۆشکەرن و پێویستە خوێندنی ناو کەمپەس بەردەوام بێت.

پەڕلەمان بۆ دۆخی خوێندكاران كۆدەبێتەوە
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لەسەرچاوەیەكی ناو پەڕلەمانی كوردستانەوە دەستی كەوتووە، بڕیارە سبەینێ‌ كۆبوونەوەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا لەناو خوێندنگەكان و پێشنیارەكان دەربارەی پڕۆسەی خوێندن بۆ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بەرزبكاتەوە.

سەرچاوەكە وتیشی، “بڕیارە لە دوای 20ی ئەم مانگەوە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆببێتەوە و دوایین هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی بكات و بڕیاری كۆتایی بدات بە بەردەوام بوون لەسەر شێوازی خوێندن بەم جۆرە یان زیادكردنی ڕۆژەكانی دەوامی خوێندكاران”.