سەردێر

سەركردایەتی یەكێتی دوابڕیاری لەسەر لامەركەزی دا

خەڵك-
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆتایی هات و جەختی لە پەیڕەوكردنی سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی كردەوە و هاوكات “ئیدانەی گرتنی هاوووڵاتیان لەسەر بیروڕای ئازاد بەتایبەت لەدەڤەری بادینان”دەكات.

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتيی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، “جەخت لەسەر هەلوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كرایەوە لەبارەی پرسەكانی سیستەمی نا ناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا”.

هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021 دا، بەپێویست زانرا”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

ئەمڕۆ 2021/2/14 ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرۆكایەتی هاوسەرۆكان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستپێكرد.
سەرەتا هاوسەرۆكان هەَلسەنگاندنێكی وورد و بابەتیانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكرد.
ئەنجومەنی سەركردایەتی جەختی لەسەر هەلوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی:
1. سیستەمی ناناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لەچوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا.

2. پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لەپارلەمانی عێراق راسپارد كەهاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت.

3. چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021 دا، بەپێویست زانرا.

4. تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی ئەركە دەستوری و نیشتمانیەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێم لەپاراستنی سەروەری ۆلات و رێگرتن لەپێشێلكارییەكانی سنورەكان، كە پێچەوانەی یاسا نێودەۆلەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن.

5. سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی كردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لەدەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادرانی یەكێتی و حزبەكانی تر.

بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بە كاروبارەكانی حزب و راپۆرتی كۆمیسیۆنەكان.لەم بارەیەشەوە راسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا.

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكێتی نیشتمانی كوردستان

2021/2/14