سەردێر

شاندی هەرێم لە هەولێرەوە بەرەو بەغدا بەڕێكەوت

خەڵك-
ئێوارەی ئەمڕۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی شاندێك بەرەو بەغدا بەڕێكەوت بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق و پشكی هەرێم لەو بودجەیە.

ئەژی عومەر، لە تیمی ڕاگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەك شەممە 14-2-2021 لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە، جارێكی دیكە شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكومەت بەرەو بەغدا بەڕێكەوتن.

بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوەی ئەمجارەی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا كۆتا كۆوبونەوە دەبێت لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2021 و باس لەوەشدەكرێت، ڕەنگە ڕێككەوتن لەسەر پشكی كورد بكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەم سەردانەی شاندی هەرێم بۆ جاری سیانزەهەمینە، كە لە هەولێرەوە شاندی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی 2021 سەردانی بەغدا دەكەن، كە هەموو شاندەكە سەرۆكایەتیەكەی لە لایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بووە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.

پێشتر، د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دتارایی ئابووری پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، ئەوەی تێبینی دەكرێت، نەرمی بە لایەنە شیعەكانەوە دیارە و هەڵوێستیان گۆڕاوە، چاوەڕوان دەكرێت هەولێر و بەغدا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجە بگەنە رێككەوتن.

هاوكات، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند،” کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەدا لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەتەواوەتی چارەسەر دەکرێت و لە ئێستادا چاوەڕێی دوایین ڕێككەوتنی كوتلە سیاسییەكانین لەسەر پشكی هەرێم”.

May be an image of 1 person, standing, aircraft and outdoors