سەردێر

بارزانی هەڵوێستی لەسەر ڕێككەوتنی حكومەتی هەرێم و عیراق ڕاگەیاند

خەڵك-
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە پاڵپشتی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق دەكەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی (بارەگای بارزانی) ئەمڕۆ یەك شەممە ١٤ی شوباتی ٢٠٢١ لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی و هەروەها ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا”.

پلاسخارت جەختی لەوەكردەوە، كە نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەدات، كە بەردەوام بن لە دیالۆگ و ڕەخساندنی كەشی ئیجابی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەكان و بەدەستهاتنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان.

لای خۆشیەوە، بارزانی پشتگیری خۆی بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند و وتیشی، “ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون، كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن”.