سەردێر

پەكەكە و شیعەكان لێك نزیكدەبنەوە

شاندێكی نزیكی پەكەكە لە بەغدا گفتووگۆ لەگەڵ شیعەكان دەكات

خەڵك – نزار جەزا

پاش هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی پەکەکە و شیعە گەرمی تێکەوت و لەئیستادا هەردوولا هاوڕان لەسەرئەوەی کە تورکیا سنووری بەزاندووە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت لەوەی لەناو خاکی عیراقدا شەڕی پەکەکە بکات.

 

شاندێكی باڵای تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە سەرۆكایەتی محەمەد عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی تەڤگەرەكە،  لە بەغداد چەندین دیدار و گفتووگۆیان لەگەڵ حزب و سەركردە شیعەكانی عێراق سازكردووە، لە كۆبوونەوەكانی شاندەكەی نزیك لە پەكەكە و هێزە عێراقییەكاندا گفتووگۆ لەسەر چەندین بابەت كراوە لەوانە هێرشەكانی توركیا و كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێم.

 

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەشەنگال بەرامبەر هێزەکانی تورکیا وەستاونەتەوە و هیچ گرفتێکیان لەگەڵ پەکەکە نییە.

 

محەمەد عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە لەگەڵ شاندێكی باڵادا لەبەغدادن، زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەركردە عیراقییەكان لەچوارچێوەی پەیوەندییە حزبییەكاندایە.

 

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەم كۆبوونەوەیەدا باسیان لە كێشەی حكومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ناوەند كرد، كە ئەم كێشەیە نەكرێت بەكێشەی میللەت، بەڵكو كێشەی نێوان هێزە سیاسییەكانی ناو دەسەڵاتە لەناو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق.

 

باسی لەئەوەشكرد، لەكۆبوونەوەكەدا باسیان لەدەستتێوەردانی هێزی دەرەكی بۆ ناو عیراق كرد، كە دۆخی عیراقی بەم ئەنجامەی ئێستا گەیاندووە.

 

زیاتر ڕوونیكردەوە، بەشێك لەهۆكاری ئەم دۆخەی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ هێزە سیاسییەكانی عیراق، بۆیە لەگفتوگۆكان باس لە ئەوەكرا، كە لەچوارچیوەی دەستووردا  چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە بكرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، دەستتێوەردانی توركیا لەناو خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان،  پەیوەندییەكانی توركیا و پارتی دیموكراتی كوردستان بابەتێكی دیكەی گفتوگۆكانیان بوو.

 

لەوبارەیەوە ڕوونیكردەوە، لایەنە عیراقییەكان بەگشتی ناڕازین لەهەموو دەستتێوەردانێكی توركیا  بۆ ناو خاكی عیراق.

 

ئاماژەی بۆئەوەشكرد، هەر لەكۆبوونەوەكەدا  باس لەكاری هاوبەشكرا، هاوكات باس لەناوچە جێناكۆكەكان كرا، كە جێگەی شەرمە ناوچەیەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراق هەبێت پێی بوترێت ناوچەی جێناكۆك.

 

باسی لەئەوەشكرد، بەگشتی لایەنە شیعەكان ناڕازین لەدەستتێوەردانی توركیا بۆ ناو خاكی عیراق، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی سەردەمی عوسمانی و سەفەوی، لایەنی شیعە و سوونە.

 

ئەوەشی باسكرد، پێشتر حكومەتی عیراق و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر شەنگال ڕێككەوتن، كە توركیاشی لەپشتبوو، بەڵام حەشدی شەعبی دەیانەوێت هەڵوێست وەربگرن لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆسەر شەنگال یان هەرشوێنێكی دیكەی عیراق.

 

ئەوەشی ئاشكراكرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ هەفتەی ئایندە بەرنامەی دیكەیان دەبێت و ڕەنگە دووبارە بۆ درێژەدان بەگفتوگۆكان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد.

 

ئەم لێدوانە لە حاڵێكدایە هێزەكانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران رەوانەی شەنگال كراون بە ئامانجی شەڕی توركیا.

 

ڕەنا حەسەن سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لیوای 21 و 5ی حەشدی شەعبی لە شەنگالن و نزیكەی 5 هەزار كەسن.

 

هاوكات شەوی رابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند زانیاریان هەیە توركیا هێرشدەكات بۆ شەنگال.

 

هادی عامری لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت زانیاری هەواڵگری پشتڕاستكراوەیان سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ داگیركردنی چیای شەنگال هەیە.

 

نزیكبوونەوەی پەكەكە و لایەنە شیعەكانی عێراق لە حاڵێكدایە كە ئەمرۆ فەرمانگەی ناوەندی پاراستنی پەكەكە سەركەوتنی لە شەڕی گارە و شكستی ئۆپەراسیۆنی توركیا راگەیاند.

 

هاوكات وەزارەتی بەرگری توركیا لە راگەیەنراوێكدا كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ2ی لە گارە راگەیاند.

 

لە بەرامبە هێرشەكانی توركیادا لایەنە شیعەكانی عێراق جگە لە ناردنی هێز بۆ شەنگال، هاوكات لە گوتاری میدیایی و هەڵوێستە فەرمییەكانەوە نارەزایەتییان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا نیشان داوە، داوای هەڵوێستی فەڕمی حكومەتی بەغدا و هەرێم و كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانیان كردووە.