سەردێر

نەپەگە تێكشكاندنی ئۆپەراسیۆنی گارەی راگەیاند

خەڵك-

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستن (نەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، ئۆپراسیۆنی دەوڵەتی توركیای بۆ سەر ناوچەی گارە لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، كە لە ١٠ی شوبات دەستیپێكردبوو، ئەمڕۆ لە ١٤ی شوبات تێكشكێنرا و ناچار بوو خۆی بكشێنێتەوە.

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستن (نەپەگە) لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، توركیا هێرشەكەی لە دژی ئەو كامپە ئەنجامدا، كە دیلی هێزە ئەمنیەكانی دەوڵەتی توركیای تێدا بوو، لە ئاسمانەوە بە چڕی بۆردومانكرا، دوای ئەوەش لە زەوییەوە بە هەموو جۆرە چەك و تەكنەلۆژیای جەنگی سەربازی هێرشیان كردەسەر كامپەكە. هێزەكانمان لەو كامپەدا بۆ ئەوەی خۆیان و دیلەكان بپارێزن، لە ژێر بۆردومانێكی چڕدا وەڵامی پێویستییان بەو داگیركەرانە دایەوە، كە دەیانخواست بڕۆنە ناو كامپەكە و گورزی قورسیان لێدان.

ئاشكراشیكرد، سوپای توركیا، گورزی قورسی لێدرابوو و ناچاربوو هەندێك پاشەكشە بكات، سەرباری ئەوەی دەیزانی ئەو كامپە دیلی تێدایە، بە فڕۆكەی جەنگی جارێكیتر بۆردومانی چڕی كامپەكەی دەستپێكردەوە، بۆردومانە چڕ و قورسەكانیان ٣ رۆژ بەردەوام بوو، هاوكات شەڕی قورس لە دەورووبەری كامپ و ناو كامپ روویدەدا و ئەوەش بووە هۆی ئەوە بەشێك لە ئەندامانی میت، سەرباز و پۆلیسە دیلكراوەكان گیانیان لە دەست بدەن.

راشیگەیاند تاكە بەرپرسیاری كوشتنی ئەو مرۆڤانە، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگرییە، كە بڕیاری ئەو هێرشەی دا، كە هیچ هەستێكی مرۆڤانەی تێدا نییە.

ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا بە فەڕمی كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ2ی بۆ سەر گارە راگەیاند.