سەردێر

هەڵوێستی پارتی لەسەر هاتنی حەشد بۆ شەنگال

پێچەوانەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا هێزێكی گەورەی حەشد رەوانەی شەنگال كرا

خەڵك-

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر جموجوڵێك لە دەرەوەی ڕێكەوتنی شەنگال ڕەسمیەتی تێدا نییە.

هەرچەندە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە بۆ نەبوونی هیچ هێزێكی چەكدار لەناوچەكە و كشانەوەی هێزەكانی سەر بەپەكەكە و حەشدی شەعبی، بەڵام رێككەوتنە جێبەجێنەكرا، لەگەڵ ئەوەشدا چەند رۆژێكە هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی رووی لە شەنگال كردووە بۆ بەرگری لە شارەكە لە كاتی هێرشی توركیا بە گوتەی خۆیان.

سەعید مەموزینی بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕێككەوتنەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بە ڕەسمی دەناسین، هەر جموجوڵێك لە دەرەوەی ئەو ڕێككەوتنە هیچ ڕەسمییەتێكی تێدا نییە.

وتیشی”ناوچەكە لەدەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراقە، خۆیان دێن و دەڕۆن خۆیان دەزانن چی دەكەن، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە بۆ ئێمە ڕەسمییە، ئەمریكاش ڕەسمیەت بەو ڕێككەوتنە دەدات و دانیپێداناوە”.

سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەبەرانبەر ئەو پێشێلكارییەی حەشدی شەعبی، ناوبراو ڕوونیكردەوە، ئەوە لەدەست هێزەكانی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمدایە كە چی دەكات یان نا، ئاگادار نیم حكومەت شتێكی كردبێت، بەڵام پێشمەرگە سنوور و شوێنی خۆی هەیە، هیچ ڕوونادات، بەڵام دەبێت ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت.

هاوكات شەوی ڕابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، زانیاریان هەیە توركیا هێرشدەكات بۆ شەنگال.

هادی عامری لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، زانیاری هەواڵگری پشتڕاستكراوەیان سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ داگیركردنی چیای شەنگال هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئەنقەرە، ئەم كردارە دوژمنكارانەیە ڕابگرێت كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەر دوو وڵات ناكات، بەڵكو كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

هادی عامری داواشی لە حكومەتی عیراق كردووە، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە هەر دەستدرێژییەك.