سەردێر

میلیشیا ئێرانییەكان رەوانەی حەسەكە و قامیشلۆ و شەنگال دەكرێن

خەڵك-

ئەمڕۆ یەك شەممە روانگەی سوریایی بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد میلیشیا چەكدارەكانی ئێران بەرەو شارەكانی قامیشلۆ و حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان جوڵەیان پێكراوە.

سەرچاوەكان بۆ رووانگەی سوریایی رایانگەیاند گروپی میلیشیای فاتیمونی سەر بە ئێران ئەندامی وەرگرتووە لە بەرگری شارستانی و مەدەنییەكان لە بەرامبەر موچەی مانگانەی 350 هەزار لیرەی مانگانە بۆ یەكێكیان كە نزیكەی 120 دۆلاری ئەمریكایی دەكات، ئەمەش بۆ راكێشانی خەڵكە بۆ نێو ریزەكانیان بەتایبەت لە رەوشی خراپی گوزەرانی خەڵكدا.

ئەم گرووپە لەلایەن كەسێكی ئێرانی بەناوی حاجی عەلی سەرپەرشتیدەكرێت.

گواستنەوەی ئەم چەكدارانە بۆ باشوری حەسەكەیە بۆ راهێنان و دواتر بۆ ناوچەكانی خۆرئاوای فوڕات.

ئێران هەوڵ دەدات بوونی خۆی لەسەر خاكی سوریا تۆخ بكاتەوە، بۆیە بەردەوامە لە دامەزراندنی خەڵكی زیاتر لە ریزی ئەو میلیشیا و گرووپانەدا، بەتایبەت حزبوڵڵای لوبنان.

بەپێی ئامارەكان ژمارەی خۆبەخشانی ریزی میلیشیا ئێرانییەكان لە باشوری سوریا بەرزبووەتەوە بۆ 9600 كەس، لەوانە ژمارەی گەنجان و پیاوانی سوریایی لە ریزەكانیاندا بۆ 8350 كەس بەرزبووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی لایەنگری ئێران رەوانەی شەنگال كراون بە ئامانجی شەڕی توركیا.

ڕەنا حەسەن سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لیوای 21 و 5ی حەشدی شەعبی لە شەنگالن و نزیكەی 5 هەزار كەسن.

وتیشی: حەشدی شەعبی بۆ توركیا و پێشمەرگە هاتوون، بەتایبەت بۆ پێشمەرگە، چونكە توركیا بە زەمینی نایەتە ناوچەكە، بەڵكو بە ئاسمانی دێت، بەڵام ئەوان كە هاتوونەتە شەنگال بۆ ئەوە هاتوون پێشمەرگە نەیەتە شەنگال، ئەوان لەگەڵ پەكەكە هیچ كێشەیەكیان نییە.

ئاشكراشیكرد، حەشد لەگەڵ پەكەكە كێشەیان نییە، چونكە زۆرێك لە هێزەكانیان لەسەر حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانی مووچە وەردەگرن، ئەوان هەردووكیان یەك شتن لەبەرانبەر توركیا و پێشمەرگە وەستاون لە شەنگال.

هاوكات شەوی رابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند زانیاریان هەیە توركیا هێرشدەكات بۆ شەنگال.

هادی عامری لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت زانیاری هەواڵگری پشتڕاستكراوەیان سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ داگیركردنی چیای شەنگال هەیە.