سەردێر

هۆشداری مەترسیدار لە كۆرۆنا دەدرێت

خەڵك-

سەرۆك كۆماری ئێران ڕایدەگەیەنێت، مرۆڤ هێشتا نەیتوانیوە چارەسەرێك بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بدۆزێتەوە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو هیچ شارێكی سوورمان لە وڵات نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە خوزستان چەند شارێكمان سوور بوون، چەند شارێكیش لە ڕەنگی زەردەوە بوونە پرتەقاڵی، هەموو ئەمانەش واتە ڕەنگی مەترسیدارو دەستپێكردەوەی شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا.

ئاشكراشیكرد، ئەو درمەی ئێستا ڕووی لە جیهان كردووە بەدرێژای سەدەی ڕابردوو بێ پێشینە بووە، ئەویش لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنە پزیشكییەی ئێستا هەیە، ئێستاش لە هەموو جیهان گیرۆدەی ئەو ڤایرۆسەن و دەیان ملیۆن هاووڵاتی گرفتاری ئەو نەخۆشییە بوون و بە سەدان هەزار دیكەش گیانیان لەدەستداوە.

ڕوونیشیكردەوە، هەموو ئارەزووەكان ئەوە بوون كە مرۆڤ بتوانێت بگاتە دەرمانێك بۆ ئەم نەخۆشییە، بەڵام لە كۆتاییدا هیچ یەكێك لەو ڤاكسینانەی ئاشكرا كراون چارەسەرێكی وورد و واقیعی نین، مرۆڤ هێشتا نەیتوانیوە چارەسەرێك بۆ ئەم نەخۆشییە بدۆزێتەوە، بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی 2، لەوانەیە پێنج بۆ دە ساڵی پێویست بێت، بەڵام ناچار بووین ڕێگایەكی نوێ بدۆزینەوە، چونكە گیان لەدەستدان زیادی كردووە و ناچار بووین سوود لەو ڤاكسینە وەربگرین، چونكە هیچ شتێكی دیكە بوونی نییە، بەڵام لە ئێستادا هیچ شتێك ڕوون نییە ئایا ئەم ڤاكسینە تا چەند سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت و لەو نەخۆشییە پارێزراوی دەكات.

وتیشی: تا ئێستا دیار نییە ئەم ڤاكسینانە كاری خۆیان دەكەن یان نا، بە هەر حاڵ ئێمە دەستمان بە وەرگرتنی ڤاكسینەكان كرد، ئیتر تاكو كەی سەردەكەوین و نەخۆشییەكە دەخەینەسەر ئەژنۆ دیار نییە، هەرچەندە مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی دەرخستووە كە مرۆڤ دەتوانێت سەركەوتوو بێت.

ئاشكراشیكرد، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕێكارەگانی خۆپارێزی و تەندروستی جێبەجێ بكەین، چونكە تاكو ئێستا هیچ ڕێگایەكی چارەسەری باشتر بۆ كەمكردنەوەی ڤایرۆسەكە بوونی نییە، ڤاكسینەكەش بەهەمانشێوەی ماسك و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی سوودی هەیە، ئێمە تاكو ساڵی ئایندە دەبێت ئەو ژیانە بەڕێبكەین كە لەكاتی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستیپێكرد، بۆ ئەوەی بتواین ساڵی داهاتوو بەشێوەیەكی باشتر دەستپێبكەین.