سەردێر

“5 هەزار چەكداری حەشد لەشەنگال جێگیركران”

سەرۆكی شارەوانی خانەسۆر: حەشد‌و پەكەكە بەرامبەر پێشمەرگە و توركیا وەستاون

خەڵك-

سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال ڕایدەگەیەنێت، 5 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی هاتوونەتە ناوچەكە.

هەرچەندە ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە بۆ نەبوونی هیچ هێزێكی چەكدار لەناوچەكە، بەڵام بە بیانووی ڕێگری كردن لە سوپای توركیا حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری ڕەوانەی ناوچەكە كردووە.

ڕەنا حەسەن سەرۆكی شارەوانی كۆمەڵگەی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شەنگال بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لیوای 21 و 5ی حەشدی شەعبی لە شەنگالن و نزیكەی 5 هەزار كەسن.
وتیشی”حەشدی شەعبی بۆ توركیا و پێشمەرگە هاتوون، بەتایبەت بۆ پێشمەرگە، چونكە توركیا بە زەمینی نایەتە ناوچەكە، بەڵكو بە ئاسمانی دێت، بەڵام ئەوان كە هاتوونەتە شەنگال بۆ ئەوە هاتوون پێشمەرگە نەیەتە شەنگال، ئەوان لەگەڵ پەكەكە هیچ كێشەیەكیان نییە”.

ئاشكراشیكرد، حەشد لەگەڵ پەكەكە كێشەیان نییە، چونكە زۆرێك لە هێزەكانیان لەسەر حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانی مووچە وەردەگرن، ئەوان هەردووكیان یەك شتن لەبەرانبەر توركیا و پێشمەرگە وەستاون لە شەنگال.

هاوكات شەوی رابردوو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی رایگەیاند زانیاریان هەیە توركیا هێرشدەكات بۆ شەنگال.

هادی عامری لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت زانیاری هەواڵگری پشتڕاستكراوەیان سەبارەت بە نیازی توركیا بۆ داگیركردنی چیای شەنگال هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئەنقەرە، ئەم كردارە دوژمنكارانەیە ڕابگرێت كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی هەر دوو وڵات ناكات، بەڵكو كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

هادی عامری داواشی لە حكومەتی عیراق كردووە، هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لە هەر دەستدرێژییەك.