خەڵك ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ یەك شەممە بەشێك لەفەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
بەهۆی ئەوەی زیاتر لە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەفسەران و كارمەندانی بەشێك لەفەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی، نشینگە و پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی گەرمیان، فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی ئاغجەلەر، كارتی نیشتیمانی ڕانیە و چوارقوڕنە، كارتی نیشتیمانی گەرمك و پێنجوێن، بایكۆتی دەوامیان ڕاگەیاندووە.
لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە ئەفسەران و كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان یەكترئاگاداردەكەنەوە لەبوونی بایكۆت لەفەرمانگەكانیاندا، بۆیە پێدەچێت فەرمانگەكانی دیكەش بایكۆت ڕابگەیەنن.
ماوەی زیاتر لەدوو مانگە فەرمانگە فیدڕاڵییەكان، كە موچەیان ڕاستەوخۆ لەبەغدادەوە دێت، هیچ موچەیەكیان وەرنەگرتووە و لەساڵی ڕابردووشدا پێنج موچە دابەشنەكراوە.
ئەم فەرمانگانە موچەكانیان بەهاوبەشی لەلایەن حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقەوە دابیندەكرێت.