سەردێر

“بەغدا داوای دۆسێی نەوتی هەرێم دەكات”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نەوت كاڵایەكی ستراتیجی گرنگە.

دانا شەهید جەزا ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبوونەوەكاندا ڕاستەوخۆ و لە میدیاكانەوە بە بەغدایان ڕاگەیاندووە، هەرێم ئامادەیە لەسەر ئەوەی دەستوور ڕێگای پێداوە هەموو مامەڵەیەك لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكات.

وتیشی”پرسی نەوت لە دەستوردا زۆر ڕوون باسی لێوە كراوەكە، داهاتی نەوت دەچێتەوە خەزێنەی حكومەت و دواتر بەپێی سەرژمێری دانیشتوان دابەش دەكرێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر بەغدا بەتێكڕا داوای دۆسێی نەوت و كێڵگە نەوتییەكان بكات و حكومەتی عێراق بیبات بەڕێوە، ئەوا حكومەتی هەرێم ئەو كارە ناكات، لەبەرئەوەی نەوت كاڵایەكی ستراتیجی گرنگە.
ڕوونیشیكردەوە، هەستێك دروست بووە، ئەگەری هەیە كارتی سیاسی دەرەكیش هەبێت، هەندێك پارتی سیاسی دەیانەوێت لەڕێگای نەوتەوە هەرێمی كوردستان بخەنە ژێر فشارێكی ئابورییەوە و لەو ڕێگایەوە هەنگاو بەهەنگاو هەوڵ بدەن هەرێمی كوردستان لەقاڵب بدەن و بەرەو لاوازكردنی بەرن.

وتیشی: دۆسێی نەوت یەكێكە لە دەرهاویشتەكان و ئەگەری هەیە هەنگاوی داهاتوویان لاوازكردن یان نەهێشتنی هێزی پێشمەرگە بێت و هەنگاویكەیان كەمكردنی پەیوەندییە دبلۆماسیەكانی هەرێم و لەقاڵبدانی بێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم و بەرپرسانی بەغدا دواین كۆبوونەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی گفتوگۆكانی چەند مانگی ڕابردوویان ئەنجام بدەن، تاكو پەڕلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ بدات.