سەردێر

كۆنترین بازاڕی مهاباد سووتا

ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی كەلوپەلی بیانی مهاباد كە بە گەورەترین بازاڕی ئەو شارە دادەنرێت، چەندین برینداری لێكەوتەوە و بەشێكی زۆری دوكانەكان و كەلوپەلی نێو دووكانەكانی ئەو بازاڕە سووتان و زیانێكی زۆری بە خاوەن دوكانەكان گەیاند.

ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی ئەسغەری لە شاری مهابادی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتژمێر 12:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 13/2/2021 بەكاتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستیپێكرد و بەوتەی بەڕێوەبەری ئاگركوژێنەوەی ئەو شارە، زیاتر لە 30%ـی دوكانەكانی سووتاون.

بازاڕی ئەسغەری لە دوو بەشی كۆن و نوێ پێكهاتووە، زیاتر لە 500 دووكانی تێدایە و یەكێكە لە بازاڕە گەورە و گرنگەكانی ڕۆژئاوای ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كە تێیدا كەلوپەلی ناوماڵ، ئامێرە دیجیتاڵییەكان و جلوبەرگی بیانی دەفرۆشرێن.

بەپێی ئاژانسە هەواڵییەكانی ئێران چەندین كەس بەهۆی ئاگركەوتنەوەكەوە بریندارن و چەند كەسێكیش بەهۆی دووكەڵەوە تووشی هەناسەتەنگیی بوون.

بەهۆی گەورەیی ئاگرەكەوە هەموو ئۆتۆمبێلە ئاگركوژێنەوەكانی ئەو شارە نێردراوبوونە شوێنی ڕووداوەكە و هەروەها داوا لە ئۆتۆمبێلە ئاگركوژێنەوەكانی كۆمەڵگەی پترۆكیمیایی مهاباد و هێزی پیادەی 364ـی ئەرتەش كراوە لە كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە یارمەتیی ئاگركوژێنەوەی مهاباد بدەن.

لەكاژیر 3:30 خولەكی بەرەبەیان بەكاتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، رەحمان ئەحمەدی، بەڕێوەبەری ئاگركوژێنەوەی مهاباد، هەواڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەی بازاڕی ئەسغەری ڕاگەیاند و وتی؛ تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دوای دووكاتژمێر هەولێ بەردەوام و ڕووخاندنی دیوارەكانی بازاڕەكە توانیان بچنە نێو بازاڕەكە و ئاگرەكە كۆنتڕۆڵبكەن.

بەڕێوەبەری ئاگركوژێنەوەی مهاباد بە ئاماژەدان بەوەی قەبارەی زیانەكانی ئاگركەوتنەوە لە بازاڕی ئەسغەری مهاباد زۆر زۆرن وتی، جارێ ناتوانن بە تەواوی بیخەمڵینن كە چەند بووە.

خەڵك – بەشی هەواڵ