سەردێر

“ناجێگیری نرخی زێڕ زەڕەنگەران بێكار دەكات”

 

خەڵك-ئارام سەردار

هەندرێن وەرتی وتەبێژی سەندیكای زەڕەنگەرانی هەولێر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و یاری كردن لە نرخی زێڕدا ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری كەمبووەتەوە و چەند زەڕەنگەرێكیش وازیان لەكارەكەیان هێناوە.

خەڵك؛ نرخی دۆلار و دینار چ كاریگەریەكی لەسەر نرخی زێڕ داناوە؟

هەندرێن وەرتی؛ لەم ماوەیە حكومەتی عیراق لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی ئابووری خۆی بەهای دیناری عیراقی لەبەرامبەر دۆلار دابەزاندووە، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر نرخی زێڕ دروستكردوە، واتە جگە لەكاریگەری نرخی ئۆنسەی زێڕ بەهای دۆلاریش بەرامبەر دینار كاریگەری دروست دەكات، واتە ئەمڕۆ ئەگەر نرخی سەد دۆلار ١٤٦ هەزار دینارە بەیانی ئەگەر ببێتە ١٣٥ هەزار دینار ڕاستەوخۆ نرخی زێڕەكەش دادەبەزێت.

خەڵك؛ بەهۆی خراپی بازاڕ چەند زەڕەنگەر وازیان لەكارهێناوە؟

هەندرێن وەرتی؛ چەند زێڕینگرێك وازیان لەكارەكەیان هێناوە چونكە زێڕینگر دەبێت باج و كرێی دوكان و بژێوی ژیان و شاگردەكەی بدات ئەمەش وادەكات خەرجی لەداهات زیاتر بێت بۆیە ئەگەر دۆخەكەدرێژە بكێشێت ڕەنگە زیاتریش وازبهێنن لەكارەكەیان.

خەڵك؛ دەوترا دۆزینەوەی ڤاكسین و دەستپێكردنەوەی جولەی بازرگانی جیهانی كەبەهۆی كۆڕۆنا وەستابوو نرخی زێر دادەبەزێنێت؟

هەندرێن وەرتی؛ ئەو بۆچونە ڕاستە بەڵام بۆچونێكی تریش هەبوو دەوترا ڤاكسنیش بدۆزرێتەوە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی دانی پێدابنێت واتە ڤاكسینەكە باوەڕپێكراویش بێت لەئاستی نێودەوڵەتی نرخی زێڕ بەرزتریش دەبێت، بەڵام ئێستا ئابووری و سیاسەت دووڕووی یەك دراون لەجیهاندا، ئێستا كۆمپانیای هێندە گەورە هەیە كاریگەری لەسەر بەرزی و نزمی نرخی زێڕ دەكەن و تەنانەت هەیە سەرمایەكەی لەسەرمایەی وڵاتان زیاترە، لەهەمان كاتدا كۆمپانیاكانیش كێبڕكێ لەسەر كڕینی زێڕ دەكەن و خواستێكی زۆر لەسەر زێڕ هەیە، ئێستا ئەمریكا خاوەنی یەدەگی گەورەی زێڕە، چین لەڕیزبەندی حەوتەمین وڵات لەڕووی یەدەگی زێڕ دێت دەیەوێت ململانێی ئابووری ئەمریكا بكات كە دەشی كات دەیەوێت زێڕ بكڕێتەوە، لەبەر ئەوە كڕینەوەی ئەو هەموو زێڕە كاریگەری هەیە لەسەر نرخی زێڕ چونكە خواستی زۆر نرخ بەرز دەكاتەوە، واتە ئابوری جیهان وەستاوەتە سەر ئاڕاستە و ستراتیژی وڵاتە زلهێز و پیشەسازیە گەورەكان، ئەوەی زەرەرمەندن وڵاتانی جیهانی سێیەم و تازە پێشكەوتوون، عیڕاقیش لەم نێوەندەدا خۆی نابینێتەوە كە كێبڕكێی كڕینی زێڕ بكات.

خەڵك؛ لە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵك زیاتربۆ هاوسەرگیری زێڕ دەكڕن، ئێستا ڕێژەی كڕینی زێڕ چۆنە؟

هەندرێن وەرتی؛ بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و درێژەكێشانی دۆخەكە كاریگەری دروستكردوە لەسەر ڕێژەی كڕینی زێڕ لەنێوان هاوسەران، ئەگەر پێشتر ١٠٠یان ٤٠ بۆ ٥٠ مسقاڵ زێڕ بكرایە ئێستا خەڵك لەنێوان ١٠بۆ ١٢ مسقاڵ دەكات، كە پێشتر بەهەمان ئەوپارەیە نزیكەی ٢٥ مسقاڵ زێڕ دەكڕدرا، ئەمەش پێویستی بەتوێژینەوەی زانستی هەیە كە پڕۆسەی هاوسەرگیری لەكەمبوونەوەیە و ئەمەش مەترسیدارە و دواكەوتنی پڕۆسەی هاوسەرگیری كاریگەری دەبێت لەسەر دیمۆگرافیای خەڵكی كوردستان.

خەڵك؛ ئێستا ڕێگا بەهەناردە و هاوردەی زێڕ دەدرێت لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم؟

هەندرێن وەرتی؛ لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠ بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لەسەر داوای كابتنی فڕۆكەوانی عیراق هەناردە و هاوردەی زێڕ لەڕێگەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگیراوە و لەڕێگەی نوێنەرەكانمانەوە، چەندجارێك داواكاری ڕێگەپێدانمان كردۆتەوە و یاداشتی ئێمە لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندرایەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی فەوزەوی عیراق كەس گوێ لەداواكاری ناگرێت و زەرەرمەندی سەرەكیش خاوەن دوكان و زێڕەنگرانن، ئەمەش لەكاتێكدایە دۆخی ئەمنی لەهەرێم زۆرباشترە لەشارەكانی تری عیراق.

خەڵك؛ ئێستا نرخی زێڕ چەندە؟
هەندرێن وەرتی؛ نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە ٢١ بە ٣٧٦ هەزار دینار دەفرۆشرێت، بە١٠ هەزاردینار كەمتریش زێڕ دەكڕدرێتەوە. نرخیش لەسەر پێورەی جیهانی ئۆنسەی زێڕ كە ئێستا یەك ئۆنسەی زێڕ ١٨٤٠ دۆلاری ئەمریكیە، ئەو زێڕەی ئێستاش هەیە هی پێشترە واتەبەر لەبڕیاری ڕاگرتنی هەناردە و هاوردەی زێڕ لەرێگەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم، واتە لەناوخۆدا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، بەڵام لەگەڵ شارەكانی عیراق كەمتر ئاڵوگۆڕی زێڕ هەیە بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی لەشارەكانی تری عیراق.